گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق کۆبووەوە

لەماوەى پێنج ڕۆژدا بکوژانى خۆپیشاندەران و ئەندامانى هێزە ئەمنییەکان دیاریدەکرێن

2019.10.11 - 21:49
 لەماوەى پێنج ڕۆژدا بکوژانى خۆپیشاندەران و ئەندامانى هێزە ئەمنییەکان دیاریدەکرێن
ناس کورد-   ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق بەسەرۆکایەتى عادل عەبدولمەهدى کۆبووەوە و بڕیاری پێکهێنانى لیژنەیەکیدا، تا لەماوەى پێنج ڕۆژدا لێکۆڵینەوە بکات لە کوژرانى خۆپیشاندەران و ئەندامانى هێزە ئەمنییەکان. . نوسینگەى ڕاگەیاندنى عادل عەبدولمەهدى لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێی ڕووداوەکانى ئەم دواییە و خۆپیشاندانەکان و ئەنجامى لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و دیاریکردنى ئەو لایەنانە کرا کە هۆکارى ڕووداوەکان بوون یان تێوەگلاون. . ئاماژە بەوەشکراوە، لەکۆوبونەوەکەدا بڕیاردراوە بە پێکهێنانى لیژنەیەکى لێکۆڵینەوە بەسەرۆکایەتى فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و ئەندامێتى لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ لێکۆڵینەوە لە کوژرانى خۆپیشاندەران و ئەندامانى هێزە ئەمنیەکان و هێرشکردنە سەر شوێنە گشتیییەکان و دەزگاکانى ڕاگەیاندن و سزادانى کەمتەرخەمان، لەماوەى پێنج ڕۆژدا لە بەروارى 12ى ئەم مانگەوە. . .لەبارەى هێرشەکانى تورکیاوە بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتى سوریا، ئەنجومەنى ئاسایشى نیشتیمانى عێراق جەختى لە پاراستنى سنورەکانى عێراق و سوریا کردووەتەوە، وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانیشى ڕاسپاردووە بۆ دروستکردنى کەمپێک کە دانیشتوانى کەمپى هۆلى سوریا لەخۆ بگرێت. . پێشتر عەمید یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژى وەزارەتى بەرگرى عێراق بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو، لایەنە ئەمنییەکان جدین لەئەنجامدانى لێکۆڵینەوە لە کوشتنى خۆپیشاندەران و ئەندامانى هێزە ئەمنییەکان. . لەبارەى تۆمەتبارکردنى هێزە ئەمنییەکان لەلایەن مەرجەعیەتى باڵاوە، عەمید یەحیا ڕەسوڵ جەختیکردەوە، هەر ئەفسەر و فەرماندەیەک کە تێوەگلابێت یان فەرمانى تەقەکردنى دەرکردبێت لێپرسینەوەى لەگەڵدا دەکرێت و ڕەوانەى داگاى سەربازیى دەکرێت. . ئەمڕۆ هەینى مەرجەعیەتى باڵاى ئاینى لەنەجەف، داواى ئەنجامدانى لێپرسینەوەى کرد لەو کەسانەى بەرپرسیارن لە ڕژانى خوێنى هاوڵاتییان، ماوەى دوو هەفتەشى وەک مۆڵەت دیاریکرد تا حکومەت لێکۆڵینەوە بکات لەو بارەیەوە.