گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دانپیادانانى خۆپیشانده‌ران به‌زۆر له‌بنكه‌كانى پۆلیس گۆڕدراوه‌

پێشێلکاریى هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانى عێراق دۆکیۆمێنت دەکرێت

2019.10.10 - 22:45
پێشێلکاریى هێزە ئەمنییەکان بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانى عێراق دۆکیۆمێنت دەکرێت
ناس کورد- دواى دامركاندنه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌كانى عێراق به‌ڕێگه‌ى هێز و له‌هه‌مان كاتیشدا چاوه‌ڕوانى جێبه‌جێكردنى بڕیار و به‌ڵینه‌كانى حكومه‌ت، چه‌ند ڕێكخراوێكى نێوده‌وڵه‌تى و عێراقى له‌سه‌ر سه‌ركوتكردن و پێشێلكردنى مافه‌كانى مرۆڤ له‌كاتى خۆپیشاندانه‌كانى به‌شێك له‌شاره‌كانى عێراق، راپۆرت ئامادە دەکەن و پیشێلکارییەکان دۆکیۆمێنت دەکەن. . ‌به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتى ئه‌و ڕێكخراوانه‌، چەکى قه‌ناس دژى خۆپیشانده‌ران به‌كارهێنراوه‌ و دانپیادانانى خۆپیشانده‌ران به‌زۆر له‌بنكه‌كانى پۆلیس گۆڕدراوه‌ و به‌بریندارى خۆپیشانده‌ر له‌نه‌خۆشخانه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌ سه‌ره‌ڕاى گرتنه‌ به‌رى چه‌ند ڕێو شوینێكى ناشایسته‌ بۆ ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دانیان. . لین مه‌علوف، بەرپرسی لێکۆڵینەوەکانی رۆژھەڵاتی ناوین لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ)، ڕایگه‌یاندووه‌:" ده‌سه‌ڵاتدارانى عێراق بۆیان نییه‌ هێزى له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و زیانبه‌خش له‌دژى خۆپیشانده‌ران به‌كار بهێنن له‌به‌غدا و شاره‌كانى تر به‌شێوه‌یه‌كى نهێنى، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى عێراق داواى چه‌ند مافێكى سه‌ره‌كى خۆیان كردووه‌ به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت". . ڕێكخراوه‌كه‌ وته‌ى له‌ هه‌شت خۆپیشانده‌رى شاره‌كانى به‌غدا و نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا و دیوانیه‌ وه‌رگرتووه‌ و سه‌رجه‌میان جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هێزێكى زۆر و توندوتیژیان بۆ سه‌ركوتكردنى خۆپیشانده‌ران به‌كارهێناوه‌. . ڕێكخراوه‌كه‌ چه‌ند ئامێرێكى بۆ دیاریكردنى شوێنى قه‌ناس به‌ده‌سته‌كان به‌كارهێناوه‌ سه‌رجه‌م به‌ڵگه‌كانیشى به‌پشت به‌ستن به‌چه‌ند شایه‌تحاڵێك كۆكردووه‌ته‌وه‌ و دروستى ئه‌و ڕوداوه‌شى بۆ ده‌ركه‌وتووه‌. . دوابه‌دواى راگەیەندراوەکەى ڕێكخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى، كۆمه‌ڵه‌ى هاووڵاتیبوون تایبه‌ت به‌ مافه‌كانى مرۆڤ له‌عێراقدا  دوو ڕاپۆرتێكى له‌سه‌ر بارودۆخى خۆپیشانده‌ران له‌زیندانه‌كانى عێراقدا  بڵاوكرده‌وه‌ و تێدا ئاشكراى كرد ئه‌و كاتانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركران له‌زیندانه‌كاندا جۆره‌ها ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ دراون و ڕاپۆرتى دووه‌میشى تایبه‌ته‌ به‌ هه‌ڵمه‌تى تۆقاندن و ترساندن كه‌ چه‌ند ده‌زگایه‌كى میدیایى و ڕۆژنامه‌نوسانى عێراقى گرتووه‌ته‌وه‌ و به‌ناچارى بێده‌نگ كراوون. . ڕاپۆرته‌كه‌ كه‌ ئاڕاسته‌ى كۆمسیۆنى مافه‌كانى مرۆڤ و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و وه‌زیرى ناوخۆ و وه‌زیرى دادى عێراق كراوه‌، سێ ته‌وه‌رى سه‌ره‌كى تێدا ورژوێنراوه‌ ئه‌وانیش ناچاركردنى ده‌ستگیركراوه‌كان بۆ گۆڕینى وته‌كانیان( ئیفاده‌كانیان) و به‌زۆر دانپێدانیان بۆ ئه‌نجامدانى كارى تێكده‌رانه‌ى شكاندن و سوتاندنى دامه‌زراوه‌ حكومیه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ش ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ دژى خۆپیشانده‌رانى زیندانیكرا و به‌كارهێنراوه‌ و له‌وانه‌ لێدان به‌كاره‌با و به‌كارهێنانى چه‌ند كه‌ره‌سته‌یه‌كى تر، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى به‌ڵێنامه‌یان پێ پڕكراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى تر به‌شدارى خۆپیشاندانه‌كان نه‌كه‌نه‌وه‌ دواى ئازاد كردنیان. .   هاوكات چه‌ند ڕێكخراوێكى تایبه‌ت به‌چاودێریکردنى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ڕاپۆرتێكیاندا باسیان له‌ده‌ستدرێژى و پێشێلكردنى مافه‌كانى مرۆڤ له‌كاتى سه‌رهه‌ڵدانى خۆپیشاندانى شاره‌كانى عێراقدا دژى خۆپیشانده‌ر ئه‌نجامدراوه،‌ بڵاو كرده‌وه‌. . به‌پێى ڕاپۆرتى ئه‌و نۆزده‌ ڕێكخراوه‌ كه‌دیارترینیان ئه‌مانه‌ن (ڕێكخراوى لێبوردنى نێوده‌وڵه‌تى ، تۆڕى عه‌ره‌بى بۆ زانیارى مافه‌كانى مرۆڤ، خزمه‌تى نێوده‌وڵه‌تى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ، ڕوانگه‌ى عێراقى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ، فیدراڵیه‌تى نێوده‌وڵه‌تى بۆ مافه‌كانى مرۆڤ) ئاشكرایان كردووه‌، هێزه‌ ئه‌منیه‌كانى عێراق له‌نه‌خۆشخانه‌كاندا هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر خۆپیشانده‌ران و به‌برینه‌كانیانه‌وه‌ ده‌ستگیریانكردوون و به‌كارهێنانى چه‌كى قه‌ناسیش بۆ سه‌ركوتكردنى خۆپیشانده‌ران به‌كارهێنراوه‌ و هێزه‌ عێراقیه‌كانیش ڕە‌تیانكردووه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندى به‌وانه‌وه‌ بوبێت. . به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌و نۆزده‌ ڕێكخراوه‌ ئاماژه‌یان بۆ هه‌ڵمه‌تى سه‌ركوتكردنى میدیاكان و بێده‌نگ كردنیان كردووه‌ ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ى میلیشیاى چه‌كداره‌وه‌ یاخود له‌ڕێگه‌ى به‌كارهێنانى كۆمپانیاكانى په‌یوه‌ندى كردنه‌وه‌. . هه‌ره‌وه‌ها ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌، هه‌ڵمه‌تى گرتن و ڕاوه‌دوونانى چالاكوانانى مافه‌كانى مرۆڤ ده‌ستیپێكردوه‌ هه‌ڵكوتراوه‌ته‌ سه‌ر ماڵى چالاكوانێكى مه‌ده‌نى كه‌ خۆیى و هاوسه‌ره‌كه‌ى چاره‌سه‌رى خۆپیشانده‌ره‌ برینداره‌كانیان له‌شارى به‌سره‌ كردووه‌ و به‌به‌رچاوى مناڵه‌كانیانه‌وه‌ هه‌ردوو هاوسه‌ره‌كه‌یان كوشتووه‌. .