گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

شاکیل ئافریدی.. ئەو پزیشکەى هاوکاری ئەمریکییەکانی کرد بن لادن بدۆزنەوە

2019.10.09 - 14:55
شاکیل ئافریدی.. ئەو پزیشکەى هاوکاری ئەمریکییەکانی کرد بن لادن بدۆزنەوە
ناس کورد- بڕیارە دادگای پاکستان دانیشتنێکی تێهەڵچوونەوە بەڕێوەببات بۆ ئازادکردنی ئەو پزیشکەى کە هاوکاری ئەمریکییەکانی کرد بۆ دۆزینەوە و دواتر کوشتنی ئوسامە بن لادن، سەرۆکى ڕێکخراوی قاعیدە لە پاکستان. . بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی بی بی سی، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ی تشرینی یەکەمی 2019، دادگای باڵای پیشاوەر تێهەڵچوونەوە بۆ دۆسیەى سزادانی شاکیل ئافریدی بکاتەوە، بۆ یەکەمجاریشە شاکیل لە دادگایەکی کراوەدا دەردەکەوێت. . ئەو هەرگیز بە فەرمی تۆمەتبارنەکراوە بە تێوەگلان لە ئۆپراسیۆنەکەى ساڵی 2011ی ئەمریکا بۆ دۆزینەوە و کوشتنی یەکێک لە هەرە داواکراوترین کەسەکان لە جیهاندا. . بابەتى پەیوەندیدار: بۆچی ئوسامە بنلادن دەستبەجێ کوژرا و تەرمەکەشی خرایە ناو دەریاوە؟ . ئەو هەمیشە ڕەتیدەکاتەوە دادگاییەکی دادپەروەرانە کرابێت و دەستگیرکردنەکەشی توڕەیی ئەمریکای بەدوای خۆیدا هێنا، تەنانەت بۆ هەر ساڵێک زیندانی ناوبراو، ئەمریکا یەک ملیۆن دۆلار لە بودجەی فیدڕاڵی لە هاوکاری پاکستان دەبڕێت. . دۆناڵد ترەمپ لە بانگەشەی هەڵبژاردنیدا لە ساڵی 2016 بەڵێنیدا ئەگەر ببێتە سەرۆک لە "دوو خولەکدا" شاکیل ئافریدی ئازاد دەکات، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە ئەو کارە بکات. . هەرچەندە لە ئەمریکا دکتۆر ئافریدی بە پاڵەوان دەناسرێت، بەڵام لە پاکستان لای زۆربەى خەڵک وەک ناپاک دەبینرێت کە وڵاتەکەى توشی شەرمەزارییەکی زۆر کردووە. . ئەو بابەتە چەندین پرسیار لە شەقامی پاکستانی دروستکرد کە ئاخۆ چۆن سوپا و دەزگا هەواڵگرییەکانى ئەو وڵاتە ئاگایان لە بوونی بن لادن نەبووە لە وڵاتەکەیان. . کەواتە شاکیل ئافریدی کێیە؟ ئافریدی پزیشکێکى باڵا بوو لە ناوچەى خیبری عەشایەریی، سەرۆکى خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بوو کە چاودێری چەند پڕۆگرامێکى کوتانی منداڵانی کردووە لە ناوچەکە کە ئەمریکییەکان ئەنجامیان داوە. . وەک فەرمانبەرێکی حکومی، بەرنامەیەکی کوتانی هاوشێوەى دامەزراند لە شاری ئابودئاباد، ئەو شارەى کە بنلادنی لێ دەژیا و دواتر کوژرا. . پلانی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکی ئەوەبوو کە نمونەیەک لە خوێنی یەکێک لەو منداڵانەى دەستبکەوێت کە لە بینایەکی گەورەى ئابودئاباددا دەژی، چونکە تاقیکردنەوەی DNA دەیسەلمێنێت کە ئەو منداڵە خزم و کەسوکاری بن لادنە یاخود نا. . دەوترێت یەکێک لە ستافەکەى ئافریدی سەردانی بیناکەى کردووە و نمونەیەکی لە خوێنی منداڵەکان وەرگرتووە، بەڵام هێشتا نازانرێت کە ئەو بابەتە هاوکاری ئەمریکییەکانی کردووە بن لادن بدۆزنەوە یاخود نا. . 20 ڕۆژ دوای کوژرانی بن لادن و لە 23ی ئایاری 2011، دکتۆر ئافریدی خرایە زیندان کە ئەو کاتە لە چلەکانى تەمەنیدا بوو. . زانیاری کەم هەن لەبارەى ژیانى تایبەت ئافریدی، تەنها ئەوە نەبێت کە ساڵی 1990 کۆلێژی خیبری پزیشکی تەواو کردووە و لەدوای دەستگیرکردنیشی، خێزانەکەى دیار نەماون بەهۆی ترسیان لە گروپە چەکدارەکان. . پێش خۆشاردنەوەیان، هاوسەرەکەى بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی حکومی بووە لە ئابودئاباد، سێ منداڵیان هەبووە، دوو کوڕ و کچێک. . مانگی کانونی دووەمی 2012، بەرپرسانی ئەمریکا دانیاننا بەوەى ئافریدی کاری بۆ دەزگای هەواڵگری ئەمریکا کردووە، بەڵام زانیاری نییە لەبارەى ڕۆڵ و پۆستەکەى لەناو سی ئای ئەیدا. . بەپێی لێکۆڵینەوە پاکستانییەکان، دکتۆر ئافریدی نەیزانیوە ئامانجی دەزگاری هەواڵگری ئەمریکا بۆ دۆزینەوەى بن لادن بووە کاتێک دەستیکردووە بە کارکردن لەگەڵیان. . هەرچەندە سەرەتا بە ناپاکی تۆمەتبارکرا، بەڵام دواتر بە تۆمەتی پارەدارکردنی گروپێکی چەکدار بەناوی "لەشکری ئیسلام" خرایە زیندان و دادگا بە زیندانیکردنی بۆ ماوەى 33 ساڵ سزای دا بەڵام خێزانەکەى هەموو ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەنەوە. .