گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەکێتی و گۆڕان کۆبوونەوە و پەیوەندییەکانیان گەرموگوڕ دەکەنەوە

2019.10.09 - 11:56
یەکێتی و گۆڕان کۆبوونەوە و پەیوەندییەکانیان  گەرموگوڕ دەکەنەوە
ناس کورد-   یەکێتی نیشتمانی کوردستان و و بزوتنەوەى گۆڕان لە سلێمانی کۆبوونەوە و سکرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆڕانیش ڕایگەیاند، سەردانەکەی یەکێتی سەرەتایەکی باشە بۆ گەرموگوڕکردنەوەى پەیوەندییەکانیان. . ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ی تشرینى یەکەمى 2019، شاندێکى باڵاى یەکێتى سەردانى مەکۆی گشتیی گۆڕانی کرد و پێکەوە کۆبوونەوە. . .عەدنان عوسمان، سکرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "ئەم سەردانەی یەکێتی سەرەتایەکی باشە بۆ ئەوەی گەرموگوڕیی بکەوێتە نێو پەیوەندییەکانی یەکێتی و گۆڕان و پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکانی نێوانمانەوە". . وتیشی: "یەکێتی و گۆڕان شەریکی حکومەتی خۆجێی ئەم سنورەن و پێویستە پەیوەندییەکی باشیان هەبێت و ئەو کۆبوونەوانە بەردەوام هەبن، لە ڕابردووشدا مام جەلال و کاک نەوشیروان دەیانویست یەکێتی و گۆڕان پەیوندییەکی باشیان هەبێت، بۆیە پێویستە ئێستاش هەوڵبدرێت پابەند بین بە ڕێککەوتنەکانەوە". . سکرتێری جڤاتی نیشتمانی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکرد، لەم بارودۆخەی ئێستادا کە ڕۆژئاوای کوردستانی تێکەوتووە، پێویستە هەموو لایەنەکان و بەتایبەت سێ لایەنی بەشدار لە حکومەت پەیوەندییەکی باشیان هەبێت و یەکڕییەکی نیشتمانی هەبێت. . کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ لەکاتێکدایە، ماوەى چوار مانگە پەیوەندییەکانى یەکێتى و گۆڕان ئاڵۆزى تێکەوتووە، دواى ئەوەى لە 11ى حوزەیرانى ئەمساڵدا تەقە لە مەکۆى سەرەکى گۆڕان کرا لە سلێمانى و بەهۆیەوە پاسەوانێکى مەکۆکە گیانى لەدەستدا.