گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

رێکخستنى کارى شۆفێرى تاکسییەکان خرایە بوارى جێبەجێکردنەوە..دەست بەدابەشکردنى لۆگۆ دەکرێت

2019.10.08 - 15:52
رێکخستنى کارى شۆفێرى تاکسییەکان خرایە بوارى جێبەجێکردنەوە..دەست بەدابەشکردنى لۆگۆ دەکرێت
ناس کورد-   وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن پلانی ڕێکخستنی کاری شۆفێری تاکسى ئاشکراکرد و ڕایگەیاند "پێدانی لۆگۆ بە سەرجەم تاکسییەکان 180 ڕۆژ دەخایەنێت و بەگوێرەی ڕێنماییە نوێیەکانیش هەرکەسێک پێشینەی تاوانێکی هەبێت ناتوانێت کاری شۆفێری تاکسی بکات". . ئه‌مڕۆ (سێشه‌ممە،‌ 8ی تشرینی یەکەمی 2019)، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم ڕایگەیاند :" گرێبه‌ستی پڕۆژه‌ی پێدانی لۆگۆ بۆ تاكسیه‌كان له‌گه‌ڵ سێ كۆمپانیای ناوخۆیی له‌ هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك واژۆ كراوە و به‌گوێرەی گرێبه‌سته‌كه‌ ماوه‌ی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ 180 رۆژه ‌و كاركردنی تاكسی به‌ سیسته‌م ده‌كرێت و هێڵه‌كانی ناوخۆی شاره‌كان و ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان جیاده‌كرێته‌وه‌". . ئاماژە بەوەشکرا، هه‌ر پارێزگایه‌ك ڕە‌نگێکی تایبه‌تی بە خۆی ده‌بێت و لۆگۆی تاكسیه‌كانی شاری هه‌ولێر سوور و شاری سلێمانی شین و پارێزگای دهۆك ره‌نگی ره‌ش و تاكسی شارۆچكه‌كانیش ڕە‌نگی لۆگۆیان قاوه‌یی، ده‌بێت. . لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا روونکراوەتەوە، له‌مه‌ودوا تاكسی شارێك ناتوانێت له‌ شارێكی دیکە كاربكات و هه‌روه‌ها تاكسی هێڵه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان و ناوخۆی پارێزگاكانیش به‌هه‌مان شێوه ‌ده‌بێت. . لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئەوە خرایە ڕوو، بۆ پێدانی لۆگۆ و كاری شوفێری تاكسی، هه‌ر شوفێرێك ده‌بێت فۆڕمی ئه‌ستۆپاكی ئه‌نجامنه‌دانی تاوان له‌ فه‌رمانگه‌ی به‌ڵگه‌ی تاوان ببات بۆیان و بیسه‌لمێنێت هیچ تاوانێكی ئه‌نجامنه‌داوه‌، بەپێچەوانەوە  ئه‌وانه‌ی پێشینه‌ی تاوانكارییان هه‌یه‌، به‌پێی ئه‌و سیسته‌مه‌ رێگایان پێنادرێت له‌مه‌ودوا كاری شوفێری تاكسی بكه‌ن. . هاوکات ئەوەش ڕوونکرایەوە، هه‌ر تاكسیه‌ك ژماره‌ی تایبه‌تی وه‌كو كۆدێك له‌سه‌ر لۆگۆكه‌ی ده‌بێت و نرخی دانانی لۆگۆكان له‌ شارێكه‌وه‌ بۆ شارێكی تر جیاوازه‌ و لە هه‌ولێر 18 هه‌زار دینار و له‌ سلێمانی 18 هه‌زار و 750 دینار و له‌ دهۆك 12 هەزار و 500 دینار ده‌بێت. .