گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێدانی خەنجەر بو لە پشتەوە لە هەسەدە

ترەمپ پشتى لە کوردانى ڕۆژئاوا کرد و چەند لایەنێکى نێودەوڵەتیش سەرزەنشتى دەکەن

2019.10.07 - 18:56
ترەمپ  پشتى لە کوردانى ڕۆژئاوا کرد  و چەند لایەنێکى نێودەوڵەتیش سەرزەنشتى دەکەن
ناس کورد- وتەبێژی هەسەدە هەڕەشەى ئەوە دەکات، بەشێکی زۆر لەو هێزانەیان دەکشێننەوە کە پاسەوانێتی دەستگیرکراوەکانی داعش دەکەن، برێت مەکگۆرکیش ڕەخنە لە هەڵوێستەکانى ترەمپ دەگرێت. , ئەمرۆ، دووشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2019، کینۆ جوبریل، بەرپرسی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕایگەیاند: "پێشتر لەلایەن ئەمریکاوە دڵنیاییمان دراوەتێ کە رێگەنادەن تورکیا هیچ ئۆپراسیۆنێکی سەربازی بکاتە سەر ناوچەکە، ئێمە بەتەواوەتی پابەندبووین بە رێککەوتنی 'میکانیزمی ئەمنی' نێوان تورکیا و ئەمریکا بۆ ناوچە سنورییەکان کە ئەمریکا زامنکەری بو، بەڵام لێدوانەکانی سەرلەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریکا چاوەڕواننەکراو بوون دەتوانین بڵێین لێدانی خەنجەر بو لە پشتەوە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات". , هەروەها مستەفا بالی وتەبێژی هەسەدە بە کەناڵی "CNN"ی ئەمریکی ڕاگەیاندووە: "لەئێستادا تورکیا هەڕەشەی جدی دەکات بۆ هێرشکردنە سەر خاکەکەمان، ئێمەش بە ناچاری بەشێکی زۆر لەو هێزەمان دەکشێنینەوە کە پاسەوانێتی دەستگیرکراوەکانی داعش دەکەن، ئەوەش بە مەبەستى ڕوبەڕوبوونەوەی سوپای تورکیا". , بالی سەبارەت بە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردووە: "بەهۆی بڕیارەکەی ترەمپەوە هەست بە نائومێدییەکی زۆر دەکەین بەرامبەر بە ئەمریکا، چونکە هێرشەکەی تورکیا تەنها لەسەر ئێمەی کورد هەڕەشە نییە، بەڵکو لەسەر هەموو کەمە نەتەوەییەکانی دیکە هەڕەشەیە". ,   , ئەمەش لەکاتێکدایە کە زیاتر لە چەندین هەزار دەستگیرکراوی چەکدارانی داعش لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە پاسەوانی زیندانییەکانیان دەکرێت. , لەلایەکى ترەوە، برێت مەکگۆرک، نوێنەری پێشوی سەرۆکى ئەمریکا بۆ شەڕی داعش، ناڕەزایی خۆی دەربڕی بەرامبەر بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە باکوری سوریا، لەوبارەشەوە ڕەخنەی توندى لە ترەمپ گرت. , مەکگۆرک ئاماژەی بەوەشکردووە: "ترەمپ سەربازانی سوپا ڕەوانەی شوێنی مەترسیدار دەکات بەبێ ئەوەی پاڵپشتیان بکات و لەپڕ هەڵدەچێت و هاوپەیمانانمان جێدەهێڵێت، کاتێک نەیاران فریوی دەدەن یان کە ڕوبەڕوی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی توند دەبێتەوە". , هەروەها برێت مەکگورک لەبارەى هەڕەشەکانى مستەفا بالییەوە دەڵێت: "دۆناڵد ترەمپ زانیاری نییە کە چەکدارە دەستگیرکراوەکانی داعش لای هێزەکانی سوریای دیموکراتن، نەک هێزەکانی ئەمریکا". , هاوکات وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ڕایگەیاندووە: "ئەو کارەی کە تورکیا دەیەوێت ئەنجامی بدات دژی بنەماکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە و ئێمە دژی ئەو هێرشەین". , دوای بڕیاری کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن تڕەمپەوە، یەکەم بەرپرسی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی کە خۆى دەربڕی، لاهور شێخ جەنگی بو. ,   , لاهور شێخ جەنگى، بەرپرسی ئاژانسی پاراستن و زانیاری لە تویتێکدا، ڕایگەیاندووە: "کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکوری سوریا دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی و توندووتیژی و ئەو ناسەقامگیری و توندووتیژییەش کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت". , لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەشکردووە: "هێزەکانی سوریای دیموکرات هاوبەشێکی پشتپێبەستراو بوون بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانان لە شەڕی دژ بە داعش، بۆیە ئەمریکا نابێت هەسەدە پشتگوێ بخات". , لاى خۆشییەوە، هیلاری کلنتن لە تویتێکدا نوسیویەتی: "سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سەرۆکی دیکتاتۆری تورکیا و روسیاش رێککەوتووە و پشتی لە کورد کردووە". , هێلارى کلنتن، ئاماژەی بەوەشکردووە: "ترەمپ پشتی لە باوەڕپیکراوترین هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە کردووە، کە کوردن". , ئەو کاردانەوانە دوای ئەوە دێن، ئەمرۆ دووشەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2019، ئەمریکا پاشەکشەی بە هێزەکانی کرد لەسەر سنوری تورکیا-سوریا، ئەمەش بەلای چاودێرانەوە وەکو "هەڵکردنی گڵۆپی سەوز" بۆ تورکیا لێکدەدرێتەوە. , ڕاستەوخۆش دوای ئەو بڕیارە، تورکیا ئەنجامدانی هێرشەکەیی ڕاگەیاند و ناوی ئۆپرسیۆنەکەشی ناوە "کانی ئاشتی". , هێزەکانی سوریای دیموکراتیش لە بەیاننامەیەکدا نیگەرانی خۆیان لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەربڕیی و ڕایانگەیاندووە: "ئامادەی ڕوبەڕوبوونەوەی هەر هێرشێکی تورکیان بۆ سەر خاکەکەیان". , ,