گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەسەدە: ئەمریکا لە ناوچە سنورییەکان کشاوەتەوە و تورکیاش ئامادەکاری دەکات بۆ هێرش

2019.10.07 - 09:34
هەسەدە: ئەمریکا لە ناوچە سنورییەکان کشاوەتەوە و تورکیاش ئامادەکاری دەکات بۆ هێرش
ناس کورد- هێزەکانى سوریای دیموکرات ڕایگەیاند، ئەمریکا هێزەکانى خۆی لەسەر سنوری سوریا-تورکیا کشاندووەتەوە و تورکیاش ئامادەکاری دەستپێکردووە بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆسەر ڕۆژهەڵاتی فورات (ڕۆژئاوا). . وتەبێژی هێزەکانى سوریای دیموکرات بە ڕۆیتەرزی وتووە، ئەمریکا "پابەندبوونی خۆی" جێبەجێنەکرد، ئێمەش دوودڵ نابین لە بەرگرییکردن لە خۆمان." . دەشڵێت، "هەر ئۆپراسیۆنێکی تورکی دەبێتەهۆی خاوبوونەوەى هەوڵە نێودەوڵەتییەکان لەدژی داعش و لە پێنج ساڵی ڕابردوودا 11 هەزار کوژراومان داوە." . هاوکات کەناڵی حورە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی سەربازی ناوچەکە ڕایگەیاند، "بەرەبەیانى ئەمڕۆ دوو هێزی ئەمریکا لە دوو خاڵی پشکنین لە ناوچەکانى ڕەئس عەین و گرێ سپی لەسەر سنوری تورکیا-سوریا کشاونەتەوە. . لە لایەکی ترەوە، کۆشکی سپی ڕایگەیاند، هێزەکانى ئەمریکا بەشداریی و پشتگیری ناکات لەو ئۆپراسیۆنەى کە تورکیا دەیەوێت لە باکوری سوریا (ڕۆژئاوا) ئەنجامی بدات. . ڕاگەیەنراوەکەی کۆشکی سپی کە ئەمڕۆ دووشەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2019، دوای پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بڵاوکرایەوە و دەڵێت، "هێزەکانى ئەمریکا لەدوای تێکشکاندنی خەلافەتی ڕێکخراوی داعش لە ناوچەکە (ڕۆژئاوا) نامێنێتەوە." .

لە ڕاگەیەنراوەکەشدا هاتووە، "تورکیا بەرپرسیار دەبێت لە هەموو چەکدارانی ڕێکخراوی داعش لە ناوچەکە و ئەوانەشی کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا دەستگیرکراون."

.
شەوی ڕابردوو، ترەمپ و ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجام دا و تاوتوێی "ناوچەى ئارام"ـیان کرد لە ڕۆژهەڵاتی فورات، دوای پەیوەندییەکەش ئیبراهیم کاڵن، وتەبێژی سەرۆکایەتى کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، "ئامانجی دروستکردنی ناوچەى ئارام لە سوریا پاککردنەوەى سنورەکانە لە چەکدارە تیرۆرستەکان و گەڕانەوەى ئاوارەکانە بۆ وڵاتەکەیان."