گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سیستانی هۆشداری توند دەداتە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق

2019.10.04 - 13:19
سیستانی هۆشداری توند دەداتە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق
  ناس کورد –   ئەمڕۆ (هەینی) ئەحمەد سافی، نوێنەری عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق، لەمیانەى بەجێهێنانى نوێژى هەینیدا وتارى سیستانی خوێندەوە و داوایەکی فەرمی ئاڕاسەتی هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کرد. . عەلی سیستانی لەپەیامەکەیدا رایگەیاند "داوا لە هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دەکەم کە بەزوترین کات چاکسازی ریشەیی بکەن و ئێمەش هاوشێوەی خۆپیشاندەران هەمیشە داوای چاکسازی ڕاستەقینەمان کردوە و پەرلەمانی عێراقیش یەکەمین بەرپرسیارە لەبەرامبەر ئەنجامدانی چاکسازیدا و ئەگەر چاکسازی نەکەن زەرەر دەکەن". . عەلی سیستانی ئاماژەی بەوەدا " لەڕابردوودا دەسەڵاتی دادوەری بەباشی کاری خۆی ئەنجام نەداوە و زۆر گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دادگا و دەسەڵات ڕویداوە بۆیە داوا دەکەین هەرچی زووە بەشێوەیەکی جددی چاکسازی لە دادگا و دەسەڵاتدا بکرێت". . داواى لە حکومەتی عێراقیش کرد داواکاری خۆپیشاندەران جێبەجێ بکات و هەلی کار دابین بکات و دوور بێت لە پشکپشکێنەی دامەزراندن بۆ کەسانی ناسراوی بەرپرسان، هەروەها ئاستی خزمەتگوزارییەکان بەرز بکاتەوە". . مەرجەعی باڵای شیعەکان جەختی لەوەش کردووەتەوە "نابێت هێزە ئەمنییەکان توندوتیژی بەرامبەر خۆپیشاندەران بکەن، چونکە بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە زیانى زۆر دروستبووە و هەروەها چەندین هاووڵاتیش شەهیدبوون بۆیە دەبێت هەموان دان بەخۆیاندا بگرن". . وتارەکەى مەرجەعى باڵاى شیعەکانى عێراق لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لەبارەى ئامارەکانى کوژراو و بریندارانى خۆپیشاندانەکانەوە رایگەیاند "ژمارەی کوژراو و بریندارەکان لە ئاکامی خۆپیشاندانەکان لەبەرزبوونەوەدایە و بەڕاستی مەترسیدارن و تائێستا بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق 39 کەس کوژراوون و لەو ژمارەیە پێنج کوژراویان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانن، هەروەها زیاتر لە 1100 کەسیش بریندار بوون". . ماوەی سی ڕۆژە خۆپیشاندانێکی فراوان لە هەشت پارێزگای عێراق دەستی پێکردوە دژی حکومەت و خۆپیشاندەران داوای خزمەتکردن و هەلی کار دەکەن. . .