گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بڵێسەى خۆپیشاندانەکان خامۆش دەبێت؟

عادل عەبدولمەهدى چەند بەڵێنێک بە خۆپیشاندەران دەدات

2019.10.04 - 08:57
عادل عەبدولمەهدى چەند بەڵێنێک بە خۆپیشاندەران دەدات
ناس کورد – وەک هەوڵێک بۆ خامۆشکردنى بڵێسەى ئەو خۆپیشاندانانەى کە شارى بەغدا و چەند شارێکى ترى عێراقى گرتۆتەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانەى پێشکەشکردنى وتارێکدا بەڵێنی ئەنجامدانی چاکسازی و دابەشکردنی مووچە و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ئەو هاوڵاتیانە دەدات کە سودمەند نەبوون لە حکومەت و کوژراوەکانى خۆپیشاندانەکانى سێ رۆژى رابردووى بەغدا و شارەکانى ترى عێراقیش بە شەهید هەژمار دەکات . . بەرەبەیانى ئەمڕۆ (هەینى، 4ی تشرینی یەکەمى 2019)، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەربارەی خۆپیشاندانەکان پەیامێکی بڵاوکردوە و ڕایگەیاند: "لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بەهۆی خۆپیشداندان و ڕووبەڕووبوونەوەکانی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە زیانێکی زۆر بەر عێراق و عێراقییەکان کەوت و وڵاتەکەمان کەوتووەتە بەر مەترسی". . وتیشى "ئێمە دڵنیایی دەدەین لەوەی کە وڵاتەکەمان دەپارێزین و ڕێز لە شەهید وبریندارەکان دەگرین و لەپەناى گەلەکەماندا دەوەستین". . لە بەشێکى ترى وتارەکەیدا، سەرۆک وەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوە کرد وەکو حکومەت بەڵێن دەدەن کە بەزوترین کات دەست بکەن بە هەنگاوەکانی ئەنجامدانی چاکسازی سیاسی و ئابوری و هەروەها خزمەتکردنی فراوانی هاووڵاتیانی خۆیان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ بێکاران ودژایەتیکردنی گەندەڵی. . عەبدولمەهدى جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، کە دەبێت ژیانی ئاسایی بگەڕێتەوە بۆ شارەکان و ڕێز لە یاسا و دەسەڵات بگیرێت. . سەرۆک وەزیران بەڵێنیدا بەزوترین کات لێکۆڵینەوە دەست پێبکات لەو ڕووداوانەی کە ڕویدا لەوانەی کە ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکانیان بەرەو زیانگەیاندن بە دامودەزگاکانی دەوڵەت گۆڕی و هەروەها لێکۆڵینەوە لەو توندوتیژیانەش بکات کە بەرامبەر خۆپیشاندەران کران. .   لەوتارەکەیدا عادل عەبدولمەهدى هۆشداریدا لەوەى کۆمەڵێک کەس لەناو خۆپیشاندانەکان دەیانەوێت سواری شەپۆلی خۆپیشاندانەکان ببن و هەوڵ دەدەن خۆپیشاندانەکان بەلاڕێدا بەرن و بەو ئامانجانە بگەن کە خۆیان دەیانەوێت.   . سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەمیانەى وتارەکەیدا بە خۆپیشاندەرانى وت "دەنگتان گەیشت و پەیامەکانتان ڕونن و ئێمە کاری لەسەر دەکەین و دەستدەکەین بە ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئیداری و وسیاسی و جێبەجێکرنی داواکارییەکانتان بۆ دژایەتی گەندەڵی و ڕەخساندنی هەلی کار و گرنگیدانی زیاتر بە گەنجان". . بەر لە پێشکەشکردنى وتارەکەشى، وەک نیازپاکییەک بەرامبەر بە داواکارییەکانى خۆپیشاندەران، عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیران به‌تۆمه‌تى تێوه‌ گلان له‌گه‌نده‌ڵى هه‌زار كارمه‌ندى حكومه‌تى له‌كاره‌كانیان دوورخستەوە كه‌ له‌لایه‌ن دادگاى تایبه‌تمه‌ندى ده‌ستپاكیه‌وه‌ سزادرابوون. . هاوکات شەوی ڕابردو فاتن حلفی، ئەندامی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، لەبارەى ئامارەکانى کوژران و بریندارانى خۆپیشاندانەکان بەناس کوردی ڕاگەیاند:  "ژمارەی کوژراو و بریندارەکان لە ئاکامی خۆپیشاندانەکان لەبەرزبوونەوەدایە وبەڕاستی مەترسیدارن و تائێستا بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق 22 کەس کوژراون و لەو ژمارەیە پێنج کوژراویان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانن و 17ی دیکەشیان لە خۆپیشاندەرانن و هەروەها زیاتر لە 1100 کەسیش بریندار بوون". . ماوەی سی ڕۆژە خۆپیشاندانێکی فراوان لە هەشت پارێزگای عێراق دەستی پێکردوە دژی حکومەت و خۆپیشاندەران داوای خزمەتکردن و هەلی کار دەکەن. .