گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

قوباد تاڵەبانى باس لە چوونەدەرەوەى حکومەت دەکات.. ڕەنگە دەستلەکارکێشانەوە ڕووبدات

2019.10.01 - 12:24
قوباد تاڵەبانى باس لە چوونەدەرەوەى حکومەت دەکات..  ڕەنگە دەستلەکارکێشانەوە ڕووبدات
ناس کورد- قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پەیامێکدا بۆ دەنگدەران و جەماوەریی یەكێتی ئاماژە بە ئەگەری چوونەدەرەوەی لە حكومەت دەكات و بەڵێن دەدات لە "دەرەوەى" حکومەتیش خزمەت بکات. . قوباد تاڵەبانی پەیامەکەى لە هەژمارە فەرمییەكانی خۆی لە تویتەر و فەیسبوك بڵاوکردووەتەوە بەبۆنەی تێپەڕبوونی یەك ساڵ بەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى 30 ئەیلولی 2018. https://twitter.com/qubadjt/status/1178728279643217926?s=20 لەو کورتە پەیامەدا، قوباد تاڵەبانی سوپاسی متمانەى ئەو 182 هەزار دەنگە دەکات کە "لیستی یەکێتى و مام-یان سەرخست" لە هەڵبژاردنەکەى ساڵی 2018ەدا. . قوباد تاڵەبانى نوسیویەتی، "لە ھەرکوێیەک بم، لە حكومەتدا یان لە دەرەوەی، خزمەتکردنی ئێوە بەئەركی سەر شانی خۆم دەزانم." . ئاماژەکەى قوباد تاڵەبانى دوای ڕۆژێک هات لە لێدوانەکەى بافڵ تاڵەبانى کە لە وەڵامی کەمکردنەوەى دەسەڵاتەکانى ناوبراو وەک جێگری سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە کابینەى نوێ و نیگەرانییەکانیان لە جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنەکەى پارتی و یەکێتى، بافڵ تاڵەبانی وتبوو، "هێشتا هیچ دەسەڵاتێک نەدراوە بە قوباد تاڵەبانى تاوەکو کەمبکرێتەوە." . "ڕەنگە دەستلەکارکێشانەوە ڕووبدات" لەوبارەیەوە، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیگەرانیی حزبەکەی لە دیارینەکردنی دەسەڵاتەکانی قوباد تاڵەبانی پشتڕاستکردەوە و بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "نیگەرانییەکان گەیشتووەتە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی و برادەرانی پارتی خۆشیان ئەوە دەزانن کە یەکێتی نیگەرانە لەو دۆخە، بەڵام تائێستا هەڵوێستیان نەبووە". . ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی دەربارەی دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوەی قوباد تاڵەبانی لە پۆستەکەی ئاماژەی بەوەکرد: "ئەگەر دۆخەکە بەوشێوەیە بێت ڕەنگە ئەوە ڕووبدات، چونکە یەکێتی کاربەدەستێکی ناوێت کە دەسەڵاتی نەبێت، بەڵام هیوادارین ئەوە ڕوونەدات و دۆخەکە نەگاتە بیرکردنەوە لە دەستلەکارکێشانەوە، چونکە ئەوە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانێکی گەورە لە هەرێم". ئەسەسەرد باسی لەوەشکرد، وەک یەکێتی نائومێد نەبوون لە چارەسەکردنی ئەو کێشەیە و پێویستە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکانی کابینەی نۆیەم لەگەڵ پارتی چارەسەری بکەن. . ئەو سەرکردەیەی یەکێتی جەختیشیکردەوە، "لە هەموو دنیادا دەسەڵاتەکانی جێگر دیاریکراون و ڕێزێکی تایبەتی لێدەگیرێت، یەکێتیش هەر کەسێکی کە ناردووەتە حکومەت بۆ دانیشتن لەسەر کورسی نەیناردووە." . "یەکێتی بەبێ دەسەڵاتی لەم حکومەتە بەردەوام نابێت" لە لایەکی ترەوە، قادر عەزیز، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتى بە دەنگی ئەمریکای وتووە: "وەک باسم کرد تائێستا دەسەڵاتی تەواو نەدراوەتە قوباد تاڵەبانی کە تاکە جێگری سەرۆکی حکومەتە هەتا هەندێک لە وەزیرەکانیش، ئەمە ئاماژەیەکی خراپە و پابەندنەبوونی پارتی بە ڕێککەوتنەکە دەردەخات چونکە ڕێککەوتنی سیاسی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر بنەمای "شەراکەتە" لەو حکومڕانیەدا." . دەشڵێت: "قوباد تاڵه‌بانی به‌ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی وتووه‌ كه‌ نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی وه‌ك پێویست نه‌داوه‌تێ، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ یەکێتی بەبێ دەسەڵاتی لەم حکومەتە بەردەوام نابێت." . ئاماژەى بەوەشکردووە: "مەکتەبی سیاسی لەو بارەیەوە بڕیار دەدات و بەڕاستی ئەمە ئاماژەیەکی خراپە، وە یەکێتی ناتوانێت تاسەر بێدەنگ بێت، ئەگەر خەڵکەکەی دەسەڵاتی نەبێت لەناو حکومەت کەواتە یەکێتی چی دەکات لەناو حکومەت؟." . قادر عەزیز ئاشکراشیکردووە بڕیارە هەفتەى داهاتوو پارتی و یەکێتى کۆببنەوە و ئەو بابەتانە یەکلایی بکەنەوە کە "بۆچی پابەندی ڕێککەوتنەکە نابن و لەسەر چ بنەمایەک ئەم ڕێککەوتنانە کراون؟".