گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ئەو بەنزینەی لە هەرێم دروستدەکرێت هۆکاری سەرەکییە بۆ توشبوون بە شێرپەنجە؟ [تایبەت]

2019.09.30 - 17:14
ئەو بەنزینەی لە هەرێم دروستدەکرێت هۆکاری سەرەکییە بۆ توشبوون بە شێرپەنجە؟ [تایبەت]
ناس کورد- شەهرام عەزیز لەگەڵ ئەوەى بڕیارى داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە دەرکراوە بەڵام هێشتا چەندین پاڵاوگە و عەمبار هەن کە بەشێوەیەکی نایاسایی کار دەکەن و بەنزین دروست دەکەن کە بە وتەی بەشێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان " دووکەڵی بەنزینى ئەو پاڵاوگە و عەمبارانە و پاشەڕۆی پاڵاوگەکان هۆکارێکی سەرەکین بۆ توشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە. . سەرۆکی پێشووی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە لەو عەمبارانەدا نەوتی خاو "نەفتا" تێکەڵ بە دەرمانێکی دیکە دەکرێت و دەکرێت بە بەنزین و  زیانێکی ئێجگار زۆری بۆ تەندروستی هەیە. . غالب محەمەد، سەرۆکی پێشووی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کە ئێستا ئەندامی پەرلەمانی عێراقە بە ناس کوردی ڕاگەیاند :"ئەو پاڵاوگە نایاساییانەی لە هەرێم ماون و دانەخراون بەشێوەیەکی زۆر نازانستی و نایاسایی بەنزین دروست دەکەن لەڕێگەی تێکەڵکردنی نەفتا بە دەرمانێکی دیکە کە زیانی زۆر بە تەندروستی هاوڵاتیان دەگەیەنێت". . پزیشکێکى نەخۆشى شێرپەنجە کە لە ئێستادا ئەندامى پەرلەمانى کوردستانە لەڕووى زانستییەوە ئەوە رووندەکاتەوە کە ئەو پاشەڕۆى بەنزینەى دەسوتێت زیانێکى زۆرى بۆ مرۆڤ هەیە و بە هۆکارێکى سەرەکى بۆ توشبوون بە نەخۆشییەکانى شێرپەنجەى دەزانێت. . شایان عەسکەری، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی وت "جگە لە دوکەڵی بەنزینەکە کە بە هەموو جێگەیەکدا بڵاودەبێتەوە، پاشەڕۆی پاڵاوگەکانیش بەهەمانشێوە هۆکاری توشبوونن بە شێرپەنجە". . ناس کورد زانیوویەتى پەرلەمانی کوردستان لە هەوڵدایە ئەو پاڵاوگە و عەمبارانەشی کە هێشتا ماون ئەوانیش دابخرێن، بەڵام ئەندامێکی لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، ئەو پاڵاوگانە تائێستا بۆیە دانەخراون، چونکە خاوەنەکانیان خۆیان لە حکومەت بە گەورەتر دەزانن. . شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان بۆ ناس کوردی روونکردەوە :"سەبارەت بە پاڵاوگەکان لە کۆی 214 پاڵاوگەی نایاسایی، نزیکەی 10 پاڵاوگەیان ماون و دانەخراون، لەئێستاشدا لە هەوڵداین بۆ ئەوەی ئەوانەش دابخرێن". . هۆشیار ئیسماعیل، بڕیاردەری لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، کە چەندین جار مەترسی ئەو پاڵاوگە و عەمبارانەیان خستووەتەڕوو، بۆ ناس کوردى روونکردەوە " جگە لە پاڵاوگەکان کۆمەڵێک عەمباری نایاسایش هەن کە پێویستە ئەوانیش دابخرێن، چونکە لەو عەمبارانەدا بەشێوەیەکی نازانستی بەنزین دروست دەکرێت و سوتانی ئەو بەنزینەش زیانێکی زۆر بە هاووڵاتیان دەگەیەنێت، بەتایبەت بۆ نەخۆشی شێرپەنجە". . سەبارەت بە هۆکاری دانەخستنی ئەو پاڵاوگە و عەمبارانەی کە ماون، بڕیاردەری لیژنەی تەندروستی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، خاوەنی ئەو پاڵاوگە و عەمبارانە بەرپرسانی حزبی و حکومین و خۆیان لە حکومەت بە گەورەتر دەزانن بۆیە حکومەت تائێستا نەیتوانیوە دایان بخات. . هۆشداریدان لە مەترسییەکانی ئەو پاڵاوگە و عەمبارانە بەتایبەت لە دروستکردنی بەنزین و کاریگەرییەکانی لەسەر توشبوون بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لەکاتێکدایە، بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستی سلێمانی، ڕۆژانە لە پارێزگای سلێمانی پێنج کەس تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن و هەموو ڕۆژێکیش شەش کەس جەڵدەی دڵ و دەماغ لێی دەدات. .