گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرۆکى سیلڤادۆر لە نیویۆرک جیاواز وتاری دا.. سیڵفیەکەم زیاتر لە وتارەکەم خەڵک دەیبینێت

2019.09.28 - 16:26
سەرۆکى سیلڤادۆر لە نیویۆرک جیاواز وتاری دا..  سیڵفیەکەم زیاتر لە وتارەکەم خەڵک دەیبینێت
ناس کورد – سەرۆکی سیلڤادۆر لە میانەی پێشکەشکردنی وتارێکدا لەبەردەم سەرکردەکانی جیهان لە نەتەوە یەکگرتووەکان سێڵفییەکی گرت و ئەوەش کاردانەوەی لێکەوتەوە. . ڕۆژی پێنجشەممە، 28ی ئەیلولی 2019، لە میانەی 74ەمەین خولی کۆبونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، نەجیب ئەبوکیلە، سه‌رۆك کۆماری سه‌لڤادۆر وتارێکی لە بەردەم سەرکردەکانی جیهان پێشکەش کرد و بە ئەنجامدانی ڕەفتارێکی سەیر کاردانەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکرد. نەجیب ئەبوکیلە له‌ دوای ئه‌وه‌ی کە چووە سه‌ر سته‌یجی وتاری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، موبایلە ئایفۆنە 11ەکەى دەرهێنا و سێڵفییه‌كی گرت و وتی "لە ئێستادا من دڵنیام کە ئەم سیڵفیەم زیاتر لە وتارەکەم و وتەکانم خەڵک دەیبینێت و گرنگی پێدەدات". . ئەبوکیلە لە وتارەکەیەدا ڕایگەیاند: "داوا له‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌كەم كه‌ كۆتایی به‌و خه‌رجییه‌ زۆره‌ بهێنێت بۆ بانگهێشتکردنی ئەو هەموو سەرکردەیە بۆ نیویۆرک چونکە پێویستی بە هەموو خەرجیە ناکات". https://youtu.be/bIxymSYEtfs ئەبوکیلە باسی لەوە کرد "پێویستە نەتەوە یەکگرتووکان له‌ جياتى ئه‌وه‌ى كۆبوونه‌وه‌ی گشتی ببه‌ستێت و ئەو هه‌موو سه‌ركرده‌یەی جیهان بانگهێشتی نیویۆرك بکات، ئێستا كه‌ سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆژیایه‌، باشتره‌ هه‌موو سه‌ركرده‌یه‌ك له‌ وڵاته‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ به‌ سكایپ وتاره‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات، ئه‌وكات خه‌ڵكیش زیاتر بینه‌ری ده‌بێت له‌وه‌ی ئێستا". . سەرۆکی سیلڤادۆر ئاماژەی بەوەشدا "لە ئێستدا لە سیلڤادۆر لە منداڵێکەوە تاوەکو کەسە بەتەمەنەکانیشمان لەڕێگای مۆبایلەکانیان و تەکنەلۆجیاوە سەرجەم کارەکانیان بەڕێوەدەبەن و ئەوەش کارئاسانی زۆریکردوە، بۆیە پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکانیش فێری ئەو مۆدێلە بێت". . ئەوەی جێگای تێڕامان بوو، ئەبوکیلە لە سەرەتای وتارەکەیدا، ژن و کچ و منداڵەکەى بە سەرکردەکانی جیهان ناساند کە بردبوونیە ناو هۆڵەکەوە. . نەجیب ئەبوکیلە تەمەنی 38 ساڵە و لە 24ی شوباتی 2019ەوە بووەتە سەرۆکی سیلڤادۆر و بە ڕەگەز فەڵەستینییە.