گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆسنە 50 هاوڵاتی عێراقی گەڕاندەوە بۆ تورکیا و هۆکارەکەى ئاشکرا دەکات

2019.09.28 - 11:35
بۆسنە 50 هاوڵاتی عێراقی گەڕاندەوە بۆ تورکیا و هۆکارەکەى ئاشکرا دەکات
ناس کورد- پۆلیسی سنوریی بۆسنە و هەرسک 50 هاوڵاتی عێراقی گەڕاندەوە بۆ تورکیا دوای ئەوەى گومانی لە هۆکار و ئامانجی گەشتەکەیان کردبوو. . ئەو هاوڵاتییە عێراقییانە ڕۆژی پێنجشەممە، 26ی ئەیلولی 2019، لە تورکیاوە و بە ڕێگای یاسایی ڤیزای گەشتیاری گەیشتبوونە فڕۆکەخانەى ساراجیڤۆی نێودەوڵەتی لە بۆسنە و هەرسک. . بەپێی ڕاگەیەنراوی پۆلیسی بۆسنە، ئەفسەرانی پۆلیسی سنوریی لێکۆڵینەوەیان لە هۆکاری گەشتکردنی ئەو 50 عێراقییە کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو کەسانە ویستوویانە بە ڤیزای گەشتیاری بگەنە بۆسنە و لەوێوە بە ڕێگای وشکانی دەربازی وڵاتی کرواتیا ببن کە بەشێکە لە یەکێتى ئەوروپا. . لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، سەرجەم ئەو گەشتیارە عێراقییانە لە فڕۆکەخانەى ساراجیڤۆوە دەگەڕێنرێنەوە بۆ فڕۆکەخانەى ئەستەنبوڵی تورکیا کە سەرەتا لێوەی هاتوون. . لەلایەکی ترەوە و لە هەمان ڕۆژدا، لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی کۆچبەران لەکاتی هەڵمەتی پۆلیس بۆ دەستگیرکردنیان، هەشت کۆچبەر برینداربوون کە دەیانویست هەڵبێن. . پۆلیسی بۆسنە ڕایگەیاند، "شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە هەڵهاتووە و سەرجەم کۆچبەرە بریندارەکانیش گەیەنراونەتە نەخۆشخانە." . ماوەى دوو ساڵە بەشێک لە کۆچبەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا هەوڵ دەدەن لە ڕێگەى وڵاتی بۆسنە و هەرسکەوە خۆیان دەربازی وڵاتی کرواتیا بکەن کە بەشێکە لە یەکێتى ئەوروپا و لەوێشەوە بەرەو وڵاتانى تری یەکێتییەکە بچن.