گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

پارتى لە رێککەوتنەکەى لەگەڵ گۆڕان پەشیمان بوەتەوە؟ [تایبەت]

2019.09.27 - 20:06
پارتى لە رێککەوتنەکەى لەگەڵ گۆڕان پەشیمان بوەتەوە؟ [تایبەت]
ناس کورد- تایبەت ئەندامێکى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان وەڵامى ڕەخنەى پەرلەمانتارێکى گۆڕان لەسەر ڕێککەوتنى نێوان پارتى و گۆڕان دەداتەوە و ڕایگەیاند ئەو پەرلەمانتارە گومرگ لەسەر قسەکانى نییە. . عەدنان کەرکوکى، ئەندامى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى کەرکوک، گەرمیان ، بەناس کوردى ڕاگەیاند" وتارەکەى هۆشیار عەبدوڵام خوێندەوە کە بەناوى سێ درز لەڕێککەوتنەکەى نێوان پارتى و گۆڕان نوسیبووى، من تەنها ئەوەندە دەڵێم ئەو پەرلەمانتارە هیچ گومرگێک لەسەر قسەکانى نییە و ئیتر هیچى ترى لەبارەوە ناڵێم". . لەمانگى شوباتى ئەمساڵدا بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى دیموکراتى کوردستان بەمەبەستى پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەت ڕێککەوتنێکى سیاسیان واژۆ کرد و بەپێى ناوەڕۆکى ڕێککەوتنەکە کە لەسەر پرسەکانى تایبەت بەهەرێم و بەغداد و پەیوەندییەکانى دەرەوەدا بوو پارتى وەکو براوەى یەکەمى هەڵبژاردنەکان ناچار کرابوو پابەندبێت بەجێبەجێکردنى شەفافیەت لە دۆسیەى نەوت و یاساى چاکسازى و پۆستەکانى گۆڕان و دابینکردنى کۆمەڵێک خزمەتگوزارى تر. . دواتریش100  ڕۆژ وەکو سەقفى زەمەنى لەلایەن بەرپرسانى گۆڕانەوە بۆ جێبەجێکردنى ڕێککەوتنەکە دیاریکرا و دیاریکردنى ماوەى زەمەنیش خاڵێکى گرنگى ڕێککەوتنەکە بوو. . بەڵام ئەمڕۆ (هەینى) لەلایەن پەرلەمانتارێکى گۆڕانەوە لەپەرلەمانى عێراق درزتێکەوتنى ڕێککەوتنەکە ڕاگەیەنرا و ئەوەش باسکرا پارتى تا ئێستا ڕێککەوتنەکەى جێبەجێ نەکردووە و ئەو نیەتەشى نییە. . شاخەوان ڕەئوف بەگ، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لەفراکسیۆنى گۆڕان بەناس کوردى وت "تا ئێستا بەفەرمى شتێکى لەو شێوەیە باس نەکراوە، هیچ مەسج و پەیامێک لەو بارەوە نەهاتووە کەڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت". . لەبارەى  خاڵى یەکەمى وتارەکەى هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتارى گۆڕان کەباسى لەوە کردووە تا ئێستا پارتى نەوتى هەرێمى کوردستانى ڕادەستى بەغداد نەکردووە و  بەشێک بووە لەڕێککەوتنەکەى نێوان پارتى و حزبەکەى، شاخەوان رەئوف بەگ، روونیکردەوە "ئەو پرسە پەیوەندی بە سیاسەتى  نێوان بەغداد و هەرێمەوە هەیە، ئەگەر بێتو حکومەتى هەرێم ڕۆژانە ئەو بڕەى دیاریکراوە ڕادەستى بەغداد نەکات ئەوا مووچەى پێنادرێت و منیش لەگەڵ ئەو خاڵەدام دەبێت جێبەجێ بکرێت و قسەکەى هۆشیار لەو بارەوە دروستە". . لەسەرپرسى پڕۆژە یاسای چاکسازیش، پەرلەمانتارەکەى گۆڕان وتی "پڕۆژە یاساکە لەحکومەتە و بڕیارە لەئایندەیەکى نزیکدا بێتە پەرلەمان و گفتوگۆى لەبارەوە بکرێت". . لەسەر زیادکردنى پۆستى یاریدەدەر بۆ سەرۆکى حکومەت بەدەر لەیاسا و ڕاگرتنى دڵى گۆڕان لەو بارەوە، شاخەوان ڕەئوف بەگ، جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، وەکو بزوتنەوەى گۆڕان تێبینیان هەیە و قسەشیان دەبێت و نیگەرانیەکانیان لەسەر ئەو پرسە دەگەیەننە پارتى. . بەلاى پەرلەمانتارەکەى گۆڕانەوە، هێشتا ئەو هەستە دروست نەبووە کە پارتى بیەوێت ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکات، بەوتەى ئەو " ئەگەر هەر لایەک سستى لە جێبەجێکردنى کرد هەقوایە لەیەکتر ئەو کارە قەبوڵ نەکەن". . ئەمڕۆ (هەینى، 27ى ئەیلوولى 2019) لەوتارێکدا بەناونیشانى (سێ درز لەڕێککەوتنەکەى گۆڕان و پارتى)، هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتارى گۆڕان لەپەرلەمانى عێراق ئاماژەى بەوە کرد "پارتى تا ئێستا لەسەر دۆسیەى فڕۆشتنى نەوت پابەندى ڕێککەوتنەکە نەبووە و ئامادە نییە ئەو بڕە نەوتەى دیاریکراوە لەبەرامبەر ناردنى مووچەى فەرمانبەراندا ڕادەستى بەغداى بکات". . بەلاى ئەو پەرلەمانتارەوە بەڵێنەکەشى لەسەر پرسى پڕۆژە یاساى چاکسازى و پۆستى یاریدەدەرى سەرۆکى حکومەت جێبەجێ نەکردووە و خواستى گۆڕانیشى لەسەر ئەو پرسە شکاندووە. .