گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەردۆغان: جیھان زۆر بەخێرایی ئایلانی بچوکی بیرچووەوە

2019.09.24 - 20:55
ئەردۆغان: جیھان زۆر بەخێرایی ئایلانی بچوکی بیرچووەوە
ناس کورد-   ئەردۆغان ڕایگەیاند، جیھان زۆر بەخێرایی ئایلانی بچووکی بیرچووەوە، داواشدەکات رێککەوتنی جیھانیی لەبارەى کۆچ و  پەنابەرانەوە بەشێوەیەکی کاریگەر کاریان پێبکرێت. . رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان وتارێکی پێشکەشکرد و وێنەى ئایلانى کوردى بەرزکردەوە و وتى "جیھان زۆر بەخێرایی ئایلانی بچووکی بیرچووەوە. بیرتان نەچێت دەکرێت رۆژێک ھەمان دۆخ بەسەر ئێوەشدا بێت". . وتیشی ''پێویستە رێککەوتنی جیھانیی کۆچ و رێککەوتنی جیھانیی لەبارەی پەنابەرانەوە بەشێوەیەکی کاریگەر کاریان پێبکرێت. ھەروەھا تەواوی جیھان بۆ پشتگیریکردنی دەستپێشخەریی و ھەوڵەکانمان لە سوریا بانگھێشت دەکەم". . ئەردۆغان باسى لەوەشکرد، لە ھەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 32 ھەزار کۆچبەری نایاسایییان لە دەریادا لە خنکان رزگارکردووە، جگە لە سوورییەکان 58 ھەزار کۆچبەری نایاساییان گەڕاندووەتەوە بۆ وڵاتەکەیان. . ئەوەشى خستەڕوو، لەگەڵ ئەمریکا، ھێزەکانی ھاوپەیمانان، روسیا و ئێران، دەتوانن ناوچەی ئارام پێکبھێنن و پەنابەران لە کەمپ و خێوەتگەکان ببەنە دەرەوە و لەوێ نیشتەجێیان بکەن، "ئەگەر قوڵایی ئەو ناوچەیە بگەیەنینە ھێڵی دێرەزور و رەققە، ئەوا دەتوانین ژمارەی ئەو سوریانەی لە وڵاتەکەمان، ئەوروپا و ناوچەکانی دیکەی جیھانەوە دەگەڕێنەوە بگەیەنینە نزیکەی سێ ملیۆن''. . لەبارەى دۆسیەى ئێرانەوە، ئەردۆغان هیواى خواست، ھەرچی زووە لە زەمینەیەکی ژیرانەدا مشتومڕەکان لەبارەی چالاکییەکانی ئێران و ھەڕەشەکانی سەر ئەو وڵاتە چارەسەر بکرێت. . جەختیشیکردەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنێکی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لەسەر بنەمای دادپەروەریی، رەوشت و ویژدان دووبارە پێکبھێنرێتەوە، سەرلەنوێ ئومێد بە مرۆڤایەتی دەبەخشێتەوە.