گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانی کوردستان بەفەرمی یادی ڕیفراندۆم دەکاتەوە

2019.09.23 - 18:36
پەرلەمانی کوردستان بەفەرمی یادی ڕیفراندۆم دەکاتەوە
ناس کورد- پەرلەمانی کوردستان لە ساڵیادی ڕیفراندۆمدا كۆدەبێتەوە، لەو ڕۆژەشدا سەرۆکی پەرلەمان وتارێک پێشکەش دەکات. , بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە، 25ی ئەیلولی 2019، پەرلەمانی كوردستان دانیشتنى ئاسایی خۆی ئەنجامبدات، بەپێی كارنامەى دانیشتنەکەش، کە ماڵپەری فەرمی پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، پەرلەمانى کوردستان دوو بەرنامەی کاری دەبێت، کۆبوونەوەکە لە کاتژمێر 11 دەستپێدەکات و بڕگەى یەکەم بریتییە لە "لە دووەم ساڵیادى ڕیفراندۆم سەرۆکى پەرلەمان وتارێک پێشکەش دەکات". , سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئەوەشى خستوەتەڕو: "هەر لەو دانیشتنەدا هەمواری یەكەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت". , لاى خۆشیەوە، جەلال محەمەد، بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریانداوە وتارێکی سەرۆکایەتیی پەرلەمان تایبەت بە ساڵیادی ڕیفراندۆم بخوێننەوە، لە وتارەکەشدا باس لە هۆکار و چۆنیەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و دەرئەنجامەکانی دەکرێت". , ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: "ئەو وتارەی دەستەی سەرۆکایەتی، پەیوەندی بە پەرلەمانتاران و  لیژنەکانەوە نییە و ئێمەش ئاگاداری ناوەڕۆکەکەی نین بە تەواوەتی، بەڵام لەڕوی یاساییەوە ئەو دەستەیە دەتوانێت لەسەر هەر بابەتێکی زیندوی ڕۆژانە وتاری هەبێت". , ڕۆژی 25ی ئەیلولی 2017، هاوڵاتییان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی هەرێم لە عێراق ئەنجامدا و لەسەدا %93ی دەنگدەرانیش دەنگیان بە بەڵێ دا بۆ جیابوونەوە لە عێراق، بەڵام لە کاردانەوەى ڕیفراندۆمدا هێزە عێڕاقییەکان و حەشدی شەعبی هێرشیان کردە سەر ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم و ئەو ناوچانەیان داگیرکرد و پێشمەرگەش ئەو ناوچانەى چۆڵکرد. , ,