گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شارەوانى بەخێویان دەکات

شێڵتەر بۆ سەگە بەرەڵاکانى سلێمانى دروستدەکرێت

2019.09.23 - 14:41
شێڵتەر بۆ سەگە بەرەڵاکانى سلێمانى دروستدەکرێت
ناس کورد- قایمقامیەتى سلێمانى دەیەوێت لەڕێگەى دروستکردنى شێڵتەرێک بۆ کۆکردنەوەى سەگە بەرەڵاکانى سلێمانى، گرفتى بڵابوونەوەى ئەو سەگانە لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان چارەسەر بکات. . ئەو پێشنیازە ئەمڕۆ سێ شەممە 23ى ئەیلولى 2019 لەکۆبوونەوەیەکى نێوان قایمقامی سلێمانی لەگەڵ لایەنەپەیوەندیدارەكان رێكخراوەكانی ئاژەڵدۆستی تاوتوێکرا. . ئاوات محەمەد، قایمقامى سلێمانى لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "بەهۆی زۆربونی ژمارەیانەوە سەگی بەرەڵا بووەتە هۆی دروستبونی مەترسی لەسەر ژیان و تەندروستی هاوڵاتییان و لە ماوەی رابردووشدا چەندین حاڵەتی نەخوازراو بەهۆی پەلاماردانی سەگ لە چەند گەڕەكێكی سلێمانی تۆمار كراوە". . وتیشى "هەرچەندە یاسا بەركارەكان رێگەیداوە ئەو دیاردەیە لەرێگەی كوشتنی سەگ چارەسەر بكرێت، بەڵام وەك قایمقامیەتی سلێمانی لەگەڵ ئەو رێگەیەدا نین و پێمان وایە پێشێلكردنی مافی ئاژەڵانەوە و رێكخراوەكانی بوارەكەش هەمان بۆچونیان هەیە". . دەربارەی گرتنەبەری رێوشوێنی تر بۆ چارەسەركردنی دیاردەی سەگی بەرەڵا، ئاوات محەمەد ڕونیکردەوە "سەرقاڵی پڕۆژەیەكین كە بۆچونی زۆرینەی لایەنەپەیوەندیدارەكان و رێكخراوەكانی پاراستنی مافی ئاژەڵانی لەگەڵدایە ئەویش كۆكردنەوەی هەموو سەگە بەڕەڵاكان لە "پاناگە" یان شوێنێكی تایبەت و لەرێگەی تیمی تایبەتەوە سەرپەرشتی بكرێن". . ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ دابینكردنی خۆراك سود لە پاشماوەی خۆراكی چێشتخانەو رێستۆرانتەكان وەردەگیرێت . . قایمقامی سلێمانی جەختیکردەوە، پێویستە حكومەتی هەرێم لە ئاستێكی باڵادا بێتە سەر هێڵ بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە لەسەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی دیاردەی سەگی بەرەڵا كە بووتە هۆی هەراسانكردنی هاوڵاتییان . بەپێی پلانەکە سەرەتا سەگەكان لە رێگەی تیمەكانی شارەوانییەوە و لەرێگەی دەرزی بێهۆشكەر  لەو شوێنە كۆدەكرێنەوە كە مەرجە دور بێت لە شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان، هەنگاوی دواتر دابینكردنی خۆراك و چاودێری تەندروستی دەبێت لەرێگەی پزیشك و تیمەكانی ڤێترنەری. . نەوشیروان دەلۆیی پسپۆڕى ڤێتێرنەرى کە بەشدارى کۆبوونەوەکەى کردووە ڕایگەیاند "سەگە بەرەڵاکان لە شێڵتەرێکدا دوور لە شار کۆدەکرێنەوە، نێرو مێیان جیادەکرێنەوە، شارەوانى لەڕێگەى قەسابخانە و کوشتارگە و ڕێستۆرانتەکانەوە خواردنیان بۆ ئامادە دەکات و بەخێو دەکرێن". . وتیشى "چەند ئۆتۆمبیلێک بە چەکى بەنجەوە ئامادە دەکرێن تا بچنە ئەو گەڕەکانەى سکاڵایان هەیە لەبارەى بوونى سەگى بەرەڵاوە تا سەگەکان بەنج بکرێن و ببرێنە ئەو شێڵتەرە، تیمەکانى ڤێتێرنەریش چارەسەرى پێویست بۆ سەگەکان دەکەن".