گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کەشناسى هەرێم: سبەی یەكەم رۆژی وەرزی پایزە لە نیوەگۆی باكوری زەوی

2019.09.22 - 21:06
کەشناسى هەرێم: سبەی یەكەم رۆژی وەرزی پایزە لە نیوەگۆی باكوری زەوی
ناس کورد- کەشناسى هەرێم ڕایگەیاند، سبەی یەكەم رۆژی وەرزی پایزە لە نیوەگۆی باكوری زەوی، جیاواز لەو ڕایەى کە دوو ڕۆژ پێش ئێستایان کرد بە یەکەم ڕۆژى پایز لە کوردستان. , لە ڕاگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتى کەشناسى و بومەلەرزەزانى هەرێم بڵاویکردووەتەوە: "سبەى دووشەممە 23/9/2019 كاتژمێر 12:50ى دوا نیوەڕۆ بەكاتی هەرێمی كوردستان، ماوەی شەو و رۆژ لە نیوەگۆی باكوری زەوی بەتەواوی یەكسان دەبێت بۆ 12 كاتژمێر ڕۆژ و 12 كاتژمێریش شەو، بەمەش لە ڕوی فەلەكییەوە 23ى ئەیلول دەبێتە یەكەم رۆژ و دەستپێكی وەرزی پایز لە نیوەگۆی باكوری زەوی كە بە هاوسەنگ بوونی پاییزی ناسراوە". , لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "بە پێچەوانەوە، دەبێتە یەكەم رۆژی وەرزی بەهار لە نیوەگۆی باشوری زەوی، كە بە هاوسەنگبوونی بەهارەیی ناسراوە و تیایدا خۆر ڕێك لە ڕۆژهەڵات هەڵدێت و لە ڕۆژئاوا ئاوا دەبێت". , لەبارەى دروستبوونى ئەو جیاوازییەوە کەشناسى هەرێم دەڵێت: "هۆكاری ئەو جیاوازییە دەگەڕێتەوە بۆ لاریی تەوەری خولانەوەی زەوی لەسەر خولگەكەی بە 23.4392811°پلە بەرامبەر بە خولگەكەی بە دەوری خۆردا، بۆیە تیشكی خۆر هەڵبەزین و دابەزین دەكات لەنێوان هەردوو خولگەى قڕژاڵ لەنیوەگۆی باكور و گیسك لە نیوەگۆی باشوردا، بەمەش گۆڕانكاری رێكوپێكی دووبارەبوەوە لە ئاست و ڕێژە و ماوەی بەركەوتنی تیشكی خۆر لەسەر زەوی ڕودەدات، وە هەر ئەمەشە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی گۆڕانكاری بەرچا و لە پلەكانی گەرما لەسەر ڕوی هەسارەكەماندا". , لەبارەى فێنکبوونى کەشوهەوا و گۆڕینى وەرز، ئەوەش ڕونکراوەتەوە، لەو ڕۆژەدا ماوەی نێوان زەوی و خۆر دەگاتە 149598023 كیلۆمەتر كە بە نێوەندی دووری دەناسرێت و بەردەوامیش لە خۆر نزیكتر دەكەوێتەوە، بۆیە لە یەكشەممە 22/12/2019 كە بە ڕۆژی هەڵگەڕانەوەی زستانە دەناسرێت، لە نیوەگۆی باكوری زەوی ئەوكاتە هەسارەكەمان دەگاتە نزیكترین خاڵ لە خۆر کە ماوەی نێوانمان 147 ملیۆن و 95 هەزار كیلۆمەترە، كەچی لە هەمان ڕۆژدا هەڵگەڕانەوەی هاوینەیە بۆ نیوەگۆی باشوری زەوی. , لەنێو کورددا ناسراوە، کە ڕۆژى 21/9ى هەموو ساڵێک یەکەم ڕۆژى پایزە و خەڵکێکى زۆر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لەو ڕۆژە دەکات، بەڵام ئەم ڕاگەیەندراوەى کەشناسى هەرێم ڕەتى کردەوە ئەو ڕۆژە پایز بوبێت و سبەى بە یەکەم ڕۆژى پایز ناساند. , ,