گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە هەولێر تەقە لە دوو بارەگاى یەکێتى کرا

2019.09.20 - 21:07
لە هەولێر  تەقە لە دوو بارەگاى یەکێتى کرا
ناس کورد- جێگرى بەرپرسى مەڵبەندى یەکێتى لە هەولێر رایگەیاند، کەمێک لەمەوبەر لەلایەن کەسانى نەناسراوەوە تەقە لە دوو بارەگاى یەکێتى کراوە لە هەولێر. . حاجی مەسیفی جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند "ئەمشەو نزیکی کاتژمێر 8:30 لەلایەن ئۆتۆمبێلێکی نەناسراوەوە کە چەند چەکدارێکی نەناسراوی تێدا بووە تەقە لە هەردوو کۆمیتەی چوار و پێنجى یەکێتی کراوە لە شاری هەولێر". . وتیشى "هەردوو کۆمیتەکە لەناو یەک بینادان و ئەو چەکدارانە بەشێوەیەکی ترسنۆکانە چەند تەقەیەکیان کردوە و هەڵهاتوون و فیشەکەکانیش تەنها بەر دیواری بارەگاکان کەوتوون و هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە". . حاجى مەسیفی باسی لەوەشکرد "ئەوانەى کە تەقەیان کردوە نازانین کێن و هیچ کەسێکیش تۆمەتبار ناکەین، بەڵام هەرکەس بێت، لایەنێکی ئاژەگێڕە و دەیەوێت بەهۆی ئەو دۆخەی کە لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دروستبووە ڕەوشەکە ئاڵۆزتر بکات و کێشەکانمان لەگەڵ پارتی بباتە قۆناغیکی خراپتر". . جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی وتیشی " لە ئێستادا هێزەکانی ئاسایشی هەولێر هاتونەتە شوێنی ڕوداوەکە و لەگەڵ ئێمەدا لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکردووە، دەبێت هەمومان کار لەسەر هێورکردنەوەی دۆخەکە بکەین و ئەو ڕەوشە بەردوام نەبێت". . تەقەکردن لەو دوو بارەگایەى یەکێتى لە هەولێر، دواى رووداوى تەقەکردن دێت لە لقى چوارى پارتى لە سلێمانى لەلایەن کەسانى نەناسراوەوە. . ئەو رووداوانە دواى ئەوەدێن کە رۆژى پێنج شەممە 19ى ئەیلولى 2019  لە بازگەى دێگەڵە رێگرى لە مەحمود سەنگاوى ئەندامى مەکتەبی سیاسی یەکێتى کرا بچێتە  هەولێر، ئەوەش رەوشێکى گرژى لەنێوان پارتى و یەکێتیدا دروستکردووە.