گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

لەبازگەیەکى حکومەت رێگرى لێکراوە نەک بازگەى پارتى

وتەبێژی پارتی لە سلێمانی هۆکاری ڕێگریکردن لە مەحمود سەنگاوی ئاشکرا دەکات

2019.09.19 - 16:51
وتەبێژی پارتی لە سلێمانی هۆکاری ڕێگریکردن لە مەحمود سەنگاوی ئاشکرا دەکات
ناس کورد- شەهرام عەزیز وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی ڕەتیدەکاتەوە لەسەر قسەکانی پێشوی بەرامبەر مەسعود بارزانی، ڕێگری لە مەحمود سەنگاوی کرابێت بۆ چوونە ناو هەولێر، دەشڵێت، هەولێر ئارامە و پێویست ناکات بەرپرسێک بەو هەموو هێز و چەکە قورسەوە بچێتە ئەو شارە. , ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ى ئەیلولی 2019، لە بازگەی سماقوڵی ڕێگری لە مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کرا بچێتە ناو شاری هەولێر و لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەکێتی ڕایگەیاند: "ئەوەى بەرامبەر مەحمود سەنگاوی کراوە لە بەرامبەر هەموو هاوڵاتییانى هەرێمی کوردستان کراوە، داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەین ئەمە قبوڵ نەکەن چونکە ئێمەش وەک یەکێتى ئەمە قبوڵ ناکەین". , لەبەرامبەردا عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "با بابەتەکە ڕوون بێت بۆ خەڵک و بە هەڵە لێکدانەوەی بۆ نەکرێت، کاک مەحمود سەنگاوی لە بازگەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کە یەکێتیش شەریکی ئەو حکومەتەیە ڕێگری لێکراوە ، نەوەک بازگەی پارتی". , ئەو بەرپرسەی پارتی لە سلێمانی پێیوایە بەهۆی بوونی هێزێکی زۆر و چەکی قورس لەگەڵیدا ڕێگرییەکە کراوە و ئاماژەی بەوەشکرد: "یەکێتی ئامادەکاری بۆ کۆنگرە دەستپێکردووە و بەوهۆیەشەوە بەرپرسەکانیان هێز و پاسەوانەکانیان زیاتر کردووە و بە چەکی قورسەوە بە ناو شاردا دەگەڕێن، هەر بەوهۆیەشەوە ڕێگری لەو هێز و چەکە زۆرە کراوە لە بازگەکە، نەوەک لە کاک مەحمود سەنگاوی خۆی". , سەبارەت بەوەی وەک پارتی هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ مەحمود سەنگاوی هەیە؟، لەسەر ئەو قسانەی لە ڕابردوودا لەسەر مەسعود بارزانی کردبووی، وتەبێژی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد: "ئێمە لەنێو هێزە سیاسییەکاندا بەیەک ڕاهاتووین، هەندێک جار هەندێک لە بەرپرسانی یەکێتی قسەی نابەرپرسیارانە دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا پێویستە بەرپرسانی هەرێم و حیزبەکان بە بەرپرسیارێتییەوە قسە بەکەن و ئاشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی نەخەنە مەترسییەوە، پێویستیشە ڕێز لە ڕەمزەکانی نیشتیمان بگرین، نەوەک هێرشیان بکەینەسەر، لەگەڵ ئەوەشدا کاک مەحمود لەسەر ئەو قسانەی ڕێگری لێنەکراوە". , هاوکات سەبارەت بەوەى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگۆى ئەوە هەیە "یەکێتی بڕیاریداوە ڕێگە بە بەرپرسانی پارتی نەدەن بچنە ناو شاری سلێمانی"، عەتا شێخ حەسەن جەختیکردەوە: "هیوادارم ئەوە هەڵوێستی فەرمی یەکێتی نەبێت، چونکە ناکرێت هیچ شوێنێکی ئەم  نیشتیمانە لە کەس قەدەغە بکرێت، ئەگەر کێشەیەکیش هەبێت، پێویستە بچوک بکرێتەوە و لەشوێنی خۆیدا چارەسەر بکرێت، نەوەک کاردانەوەی لێبکەوێتەوە". , هەر لەبارەی ڕووداوەکەوە فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان هاتەدەنگ و هاوڕێ مەلا ستار، پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکە لە کۆنفرانسێکی  نیشتیمانیدا ڕایگەیاند: " پێویستە سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی بەهیچ شێوەیەک ئەوە قبوڵ نەکەن و بە زووترین کاتیش وەک فراکسیۆنی یەکێتی کۆدەبنەوە و هەڵوێستی خۆیان ڕادەگەیەنن". , ڕێگریکردن لە مەحمود سەنگاوی لە بازگەی سماقوڵی لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا لە لێدوانێکیدا هێرشی توندی کردەسەر مەسعود بارزانی، سەرۆکی پێشووی هەرێم و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕەخنەی توندی لێگرت. , ,