گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

لەناو پەرلەمان بە یوزارسیف بانگم دەکەن

یاسین خدر وێڕاى بوونى بە پەرلەمانتار عارەبانە و ئۆتۆمبێلەکەى ماون و دەیەوێت بیانخاتە مۆزەخانەوە

2019.09.18 - 20:24
یاسین خدر وێڕاى بوونى بە پەرلەمانتار عارەبانە و ئۆتۆمبێلەکەى ماون و دەیەوێت بیانخاتە مۆزەخانەوە
ناس کورد- ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى كه‌ له‌كاتى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنى 30 ئه‌یلولى ساڵى ڕابردوو به‌ كاندیدى هه‌ژاران ناوى ده‌ركردبوو پیشەى فرۆشتنى شرینى بو لەسەر عەرەبانەیەک، بەو عەرەبانە و ئۆتۆمبیلێكى شڕه‌وه‌ کەمپینى هەڵبژاردنى به‌ڕێكرد، دواى ساڵێك به‌سه‌ر ده‌ستبه‌كاربوونى وه‌ك په‌رله‌مانتارى کوردستان، له‌ به‌دواداچونێكى ناس كورد-دا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، هه‌مان هه‌ژاره‌كه‌ى جارانه‌ و چۆنى هێناوە ئاوا کۆتایی پێدێنێت. , ته‌نانه‌ت یه‌كێك له‌ نوسه‌ره‌ دیاره‌كانى شارى سلێمانى لەکاتى کاندید بوونى یاسین خدر-دا، نوسیبوى: "وه‌زیفه‌ى په‌رله‌مانتارى بووه‌ به‌ ده‌وڵه‌مه‌ندبوون، وه‌رن با هه‌موومان یاسین ده‌وڵه‌مه‌ند بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى منداڵه‌كانى به‌خۆشى بژین"، بەڵام پاش بوون بە پەرلەمانتار یاسین لە هەمان خانو و بە هەمان شێوەى ئاسایی خۆى ژیانى بەسەر دەبات. , ناس كورد له‌به‌دواداچونێكیدا ویستى له ‌زمانى ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌وه‌ ئه‌وه‌ ده‌ربخات ئایا یاسین ده‌وڵه‌مه‌ند بووه‌ یاخود‌ هه‌ر وه‌ک دۆخى جارانى ماوه‌ته‌وه؟، كاتێك زه‌نگمان بۆ كرد و به‌هه‌مان ژماره‌ كۆنه‌كه‌ى خۆى كه‌ له‌سه‌ر سایتى په‌رله‌مان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ وه‌ڵامیدایه‌وه‌، سه‌ره‌تا پێمانوت سه‌ره‌تایه‌كى باشمان ده‌ستكه‌وتوه‌ كه‌ به‌ڕێزت ژماره‌كه‌ت نه‌گۆڕیوه‌. , دواى ئه‌وه‌ى تێگه‌شت مه‌به‌ستمان چییە‌ لەوەڵامى قەسەکەى ناس کورددا وتى: "نه‌خێر هه‌روه‌كو خۆمم و هیچ گۆڕانكاریه‌كم به‌سه‌ردا نه‌هاتووه‌ له ‌ڕابردووى هه‌ژاریم جیامبكاته‌وه‌". , یاسین خدرى ته‌مه‌ن 44 ساڵ كه‌ ئێستا په‌رله‌مانتارى فراكسیۆنى گۆڕانه‌ له ‌په‌رمانى كوردستان لەبارەى دۆخى پێشوى و ئێستاى تایبەت بە ناس کوردى ڕاگەیاند: "هه‌روه‌ك جارانم و هه‌ستناكه‌م گۆڕابێتم و زۆریشم گله‌ى لێ ده‌كه‌ن، گوایە په‌رله‌مانتار ده‌بێت كۆمه‌ڵیك ئه‌ته‌كێتى هەبێت، بشچمه‌ هه‌ر شوێنێك هه‌رگیز ناڵیم په‌رله‌مانتارم مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ خه‌ڵك بۆ خۆى بمناسێته‌وه‌". ,     , بە وتەى خۆى، له‌كاتى گه‌ڕانه‌وەیدا بۆ شارى ڕانیه‌ى زێدى باو و باپیرى، یاسین ده‌چێته‌ ناو بازاڕ و پیاسه‌ ده‌كات و خه‌ڵك به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ندێك گاڵتەوگەپ كه ‌به‌شێكیان زۆر شه‌خسى بوون ته‌نها ئه‌وانه‌ دووباره‌ ناكاته‌وه‌. , یاسین خدر دەڵێت، ئێستاش له‌هه‌مان ئه‌و چێشتخانه‌ و چایخانه‌ شه‌عبییانه‌ى كه‌ پێشتر نان و چاى لێخواردوون، به‌هه‌مان شێوه نەیگۆڕیون و دەچێتەوە ئەو شوێنانە. , "هه‌ندێك شتم بۆ زیاد بووه‌ جاران به‌كه‌مى ده‌چومه‌ پرسه‌ و نه‌ده‌چومه‌ مه‌ولود و بۆنه‌ى ژن ماره‌كه‌ كردن، ئێستا ده‌چمه‌ هه‌مووى به‌پێى كاته‌كانم سه‌ردانى خزم و كه‌سوكار و هاوڕێ و نه‌خۆشیش ده‌كه‌م"، یاسین خدر واى وت. ,   , له‌باره‌ى عه‌ره‌بانه‌ و ئۆتۆمبیله‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كى باشى هه‌بوو له ‌گه‌رمه‌ى هه‌ڵمه‌ته‌كانى هه‌ڵبژاردندا و له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و تەنانەت میدیا عەرەبى و جیهانییەکانیش کارى زۆرى لەسەر کرا و یاسینى زیاتر پێناسرا، خاوه‌ن عه‌ره‌بانه‌كه‌ى جاران و په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى ئێستا وتى: "عه‌ره‌بانه‌ و ئۆتۆمبێله‌ كۆنه‌كه‌شم هه‌ر ماون‌، عه‌ره‌بانه‌كه‌م لاى كوڕى هاوڕێیه‌كمه‌ ئیشى پێده‌كات، به‌نیازم عه‌ره‌بانه‌ و ئۆتۆمبیله‌كه‌شم گه‌ر مۆزه‌خانه‌یه‌ك دامه‌زرا له‌وێ داینێم". , زۆرجار لەنێو هاوڵاتیاندا باس لەوە دەکرێت، ئەو کەسانەى دەبنە پەرلەمانتار دۆخى ئابوریان خێرا دەگۆڕێت و تەنانەت خانوەکانیانیشیان دەگۆڕن و هەندێکیشیان دەچنە شارە گەروەکان، بەڵام یاسین بە وتەى خۆى خانوه‌كه‌ى نه‌گۆڕیوه‌ و ئۆتۆمبیله‌ نوێیەکەشى له ‌خوشكه‌زایه‌كى خۆى به ‌قیستى مانگى یه‌ك ملیۆن دینار كڕیوه‌. , لەوەڵامى بوونى گرنتى ئەوەى ئەو پەرلەمانتارە بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو دۆخە ئاساییەى بە ڕستەیەک کۆتایی بەو پرسە هێنا کە وتى: "چۆنم هێناوە هەر واش کۆتایی پێدێنم". , ئەو پەرلەمانتارەى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان، دوو کوڕى کە خوێندکارن لە هەمان خوێندنگاکانى خۆیان ماون، کە محەمەدى کوڕى لە ‌قوتابخانه‌ى كێوه‌ ڕه‌شى ئێوارانه‌ و ئەوکوڕەکەى دیکەشى کە ناوى ئه‌حمه‌ده‌ و نازناوى ئاپۆى پێدەڵێن، له ‌قوتابخانه‌ى فامى ئینگلیزییه‌، کە قوتابخانەیەکى حکومییە و خوێندن تێیدا بێبه‌رامبه‌ره. , سەبارەت بە کچەکەشى کە پێشتر دوکانى فۆتۆكۆپى هه‌بووه، لەسەر هەمان کارى خۆى ماوەتەوە و به‌رده‌وامه‌. ,   , کارێکى دیکەى ئەو پەرلەمانتارە وەک شانازى باسی لێوەکرد، ئەوەیە کە "زاوا و ‌برا و كه‌سوكار"ى خۆى نەرکردووەتە پاسەوان، وەک ئاشکراى کرد، سێ گۆڕانخوازى ده‌رچوى كۆلێژ و په‌یمانگاى كردووه‌ به ‌پاسه‌وانى خۆى. , سەبارەت بە چالاکییەکانى لەنێو پەرلەمان، یاسین خدر وتى: "له‌ناو په‌رله‌مانیشدا هه‌ست به‌خۆشه‌ویستى ده‌كه‌م و پێمده‌ڵین یوزارسیف، هه‌ر پرۆژه‌یه‌كیش دژى ئیسلام و مافى مرۆڤ و ژنان و دژى هه‌ژاران بێت، گه‌ر هه‌ر حیزبێكیش بێت گه‌ر حیزبه‌كه‌ى خۆشم پێشکەشى بکات واژوو و پشتیوانى ناكه‌م". , له‌ كۆتایى گفتوگۆكه‌یدا لەگەڵ ناس کورد، دەنگى ڕادیۆکەى بەرزکردەوە و وتی، هه‌ر گوێ له‌ ده‌نگى حه‌سه‌ن زیره‌كه‌كه‌ى جاران ده‌گرم. , یاسین خدر، له ‌لیژنه‌ى كشتوكاڵى په‌رله‌مانى کوردستانە و ئەو لیژنەیە بە "لیژنەى هەژاران" ناو برد، لەدایکبووى ساڵى 1971، ئاستى خوێندنى ناوەندییە و پێش ئەوەى ببێت بە پەرلەمانتار کارى فەرمانبەرى دەکرد و لەپاڵ ئەوەشدا بۆ بژێوى ژیانى لەسەر عارەبانەیەک لە شارى ڕانیە شرینى دەفرۆشت. , ,