گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە هەندێک شوێنی عێراق گەیشتووەتە 46 پلەى سەدی

شارەزایەک باس لە هۆکاری بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما دەکات سەرباری کۆتاییهاتنی چلەى هاوین

2019.09.18 - 10:42
شارەزایەک باس لە هۆکاری بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما دەکات سەرباری کۆتاییهاتنی چلەى هاوین
ناس کورد- هەرچەندە ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ی ئەیلولی 2019 پلەکانى گەرما چەند پلەیەک دابەزیوون بەڵام هێشتا لە ئاستێکی بەرزدا ماونەتەوە و شارەزایەکی کەشناسی عێراقیش هۆکارەکەى بۆ بەردەوامی بونی بەرزە پاڵەپەستۆ گەرمەکان دەگەڕێنێتەوە لە ئاسمانی عێراقدا. . بەپێی پێشبینییەکانى کەشناسی هەرێم، ئاسمانی پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانی و دهۆک و کەرکوک ساماڵ دەبێت و پلەکانى گەرما دادەبەزن، بەرزترین پلەى گەرما لە هەولێر و سلێمانی 36، دهۆک 34 و کەرکوکیش 37 پلەی سەدی دەبێت. . واسق سەلامی، شارەزای کەشناسی عێراقی دەڵێت، "بەهۆی بەرزی پاڵەپەستۆوە زۆربەى ناوچەکانى عێراق گەرم دەبێت، لە دهۆک بەرزترین پلەى گەرما 32 دەبێت و لە بەسرەش 46، پارێزگاکانى ناوەڕاستیش لە دەوروبەری 40-42 دەمێننەوە." . ئاماژەی بەوەشکرد، ئاڕاستەی بایەکان بەرەوە باکوری ڕۆژئاوادەبێت بە خێراییەکی لەسەرخۆ و مامناوەند، هەندێ جاریش لە ناوچەکانی باکوری پارێزگای میسان و واسیت، هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ بەردەوامبوونی کەشوهەوای گەرم لە نیوەی دووەمی مانگی ئەیلولدا. . ڕاشیگەیاند، بەهۆی ئەوەی کە عێراق لە ئێستادا کەوتووەتە چوارچێوەی زۆنی پاڵەپەستۆی بەرزەوە بۆیە پلەکانی گەرما تاڕادەیەک بەرزن، چونکە لە تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە پاڵەپەستۆیە ئەوەیە کە زۆر بەهێزە و لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا بوونی هەیە بە تاییەتی لە وەرزی هاویندا، بەهۆی ئەوەی  عێراق کەوتووەتە  ناوچەیەکی نزمەوە چواردەوری بە شاخ و بانەکان گیراوە، هەوای گەرم لە ئاسمانەکانیدا کۆدەبێتەوە و هەتا زیاتر بەرەو  باشور بڕۆین زیاتر  کاریگەری پاڵەپەستۆی گەرمی ناوچەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبی لەسەر دەبێت. . دەشڵێت، لەبەر ئەو هۆکارانە بەئاسانی کەشوهەوای عێراق فێنک نابێت بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا، پێشبینی دەکرێت لە چەند هەفتەیەک دوای کۆتایی مانگی ئەیلول، کەشوهەوای عێراق گوڕانکاری بەسەردا بێت و زیاتر فێنک بێت بەهۆی هاتنی تۆپەڵە هەوای ساردەوە لە ناوچەکانی سوریا و تورکیاوە کە ئەوەش  وادەکات پاڵ بەو پاڵەپەستۆ نزمە گەرمانەوە بنێت کە ئێستا لە ئاسمانی عێراقدا هەن و وادەکات کەشی عێراق گۆڕانکاری بەسەردا بێت و لە کەشێکی گەرم و شکەوە بگوڕدڕێت بۆ کەشێکی سارد و شێدار. . بۆیە لە عێراقدا وەرزی پایز لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم  دەستپێدەکات و تایبەتمەندییەکانی ئەو وەرزەش قۆناغ بە قۆناغ  دەردەکەوێت.