گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

پارتى داواى بارەگاکانى کەرکوکى دەکاتەوە.. ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان چى دەڵێت؟ [تایبەت]

2019.09.14 - 22:23
پارتى داواى بارەگاکانى کەرکوکى دەکاتەوە.. ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان چى دەڵێت؟ [تایبەت]
ناس کورد- ‌دوو ساڵ به‌سه‌ر ڕوداوەکانى 16ى ئۆكتۆبه‌ردا تێدەپەڕێت و تا ئێستا نزیكه‌ى چل باره‌گاى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌شارى كه‌ركوك ڕاده‌ستى ئه‌و حزبه‌ نه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌رپرسێكى حزبه‌كه‌ش ده‌ڵیت ژماره‌یه‌ك له‌و باره‌گایانه‌ موڵكى پارتین و په‌یوه‌ندییان به‌ده‌وڵه‌ته‌وه‌ نیه‌و به‌و دۆخه‌ى شاره‌كه‌ش ئاماده‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ نین. . عه‌دنان كه‌ركوكى ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى كه‌ركوك - گە‌رمیانى پارتى دیموكراتى كوردستان  به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند "به‌شێك له‌و باره‌گایانه‌ى كه‌ به‌ناوى ده‌وڵه‌ته‌وه‌ بوه‌ ئێمه‌ كرێى مانگانه‌مان پێده‌دان و به‌شێكى تریشیان به‌تاپۆى فه‌رمى موڵكى پارتى دیموكراتى كوردستانن و ژماره‌یه‌كیش له‌و باره‌گایانه‌ى كه‌ ئێستا حه‌شدى توركمانى و هێزه‌كانى سوپاى عێراقیان تێدایه‌ له‌وانه‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى له‌كه‌ركوك، دواى پڕۆسه‌ى ئازادى عێراق دروستكراوون". .   ئه‌ندامه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى له کەرکوک وتیشى، ئەوان لە‌كۆى بارودۆخى كه‌ركوك ناڕازین و ناشیانه‌وێت له‌ژێر بارودۆخى "داگیركارى" سه‌ربازیدا بچنەوە شارەکە و رەخنەشی لەو حزبانەش گرت کە گەڕاونەتەوە بۆ شارەکە و نەیانتوانیوە هیچ رۆڵێکیان هەبێت. .   به‌وته‌ى عه‌دنان كه‌ركوكى، دۆسیه‌ى ئه‌منى شاره‌كه‌ بدرێته‌وه‌ ده‌ستى لایه‌نى پێشوو، ئه‌و هێزانه‌ى دواى 16 ئۆكتۆبه‌ر هاتوون ده‌ربچن، ڕێگرى له‌هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له‌به‌رده‌م باره‌گاکانیان نه‌كرێت و ئه‌نجومه‌نى پارێزگایش له‌كۆبونه‌وه‌كه‌یدا حوكمێكى مه‌ده‌نى ڕابگه‌یه‌نێت ئه‌و كات بارودۆخه‌كه‌ ئاسایى ده‌بێته‌وه‌  ئه‌وانیش ئاماده‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌. . هاوکات محه‌مه‌د كه‌مال، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك له‌پشكى پارتى به‌ناس كوردى وت " باره‌گاکانى پارتى موڵكى ده‌وڵه‌ت نین و مه‌به‌ست له‌ڕاده‌ستنه‌كردنه‌وه‌شیان بۆ ئه‌وه‌یه‌ ناو شاره‌كه‌ چۆڵنه‌كه‌ن و پارتیش نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شاره‌كه‌". . ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وەش كرد، ئەوان چاوەڕوانى لیژنه‌كان ده‌كه‌ن كه‌ بۆ مه‌به‌ستى دانوستانه‌كان ده‌چنه‌ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و پرسه‌ش چاره‌سه‌ر بكه‌ن. . (ناس كورد) زانیوویەتى، نزیكه‌ى چل باره‌گاى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌لایه‌ن پۆلیسى فیدراڵى و حه‌شدى شه‌عبیه‌وه‌ ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه‌ و به‌شێك له‌باره‌گاى ناوچه‌كانیش به‌چۆڵى ماونه‌ته‌وه‌. . له‌باره‌ى وه‌ڵامى لایه‌نى فه‌رمى ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه‌ ده‌ستیانگرتووه‌ به‌سه‌ر باره‌گاكانى پارتیدا له‌شارى كه‌ركوك، به‌ڕێوه‌به‌رى نوسینگه‌ى سه‌عد حه‌ربى، به‌رپرسى ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى كه‌ركوك، به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند "ده‌سه‌ڵاتى لێدوانیان نییه‌ و ئه‌و كاره‌ش په‌یوه‌ندى به‌حكومه‌ت و په‌رله‌مانى عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌وان ته‌نها ئه‌ركى سه‌ربازییان هه‌یه‌ و ته‌نها فه‌رمانه‌كان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن". .