گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ناس کورد هۆکارى کشانەوەى یەکێتی لە رێککەوتنى لایەنەکانى هەڵەبجە ئاشکرا دەکات

2019.09.12 - 22:01
ناس کورد هۆکارى کشانەوەى یەکێتی لە رێککەوتنى لایەنەکانى هەڵەبجە ئاشکرا دەکات
  ناس کورد – هۆرڤان ڕەفعەت   لەسەر داوای یەکێتی نیشتیمانى کوردستان، بڕیاری دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای هەڵەبجە ڕادەگیرێت و بەرپرسێکی پارتیش دەڵێت"کشانەوەی یەکێتی لە ڕێککەوتنەکە زیانە بۆ خەڵکی ناوچەکە". . ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 12ی ئەیلولی 2019)، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە نوسراوێکی ئاڕاستەی بەڕێوبەرایەتی گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم کرد و داواى لێکردن کار بە نووسراوی دابەشکردنی پۆستەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە، نەکەن. . بەرپرسانى پارتی لەو پارێزگایە یەکێتى بە راگرتنى رێککەوتنى دابەشکردنى پۆستەکانى سنورى پارێزگاى هەڵەبجە تۆمەتبار دەکەن و  جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کشانەوەی یەکێتی لە بەشێک لە ڕێککەوتنەکە زیان بە خەڵکی هەڵەبجە دەگەیەنێت و بەپێویستى دەزانن سەرجەم بەشەکانی ڕێککەوتنەکە بەیەک پاکێج جێبەجێ بکرێت. . بەسام عەلی، بەرپرسی لقی هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەو نووسراوە دەرخەری ئەوەیە کە یەکێتی لەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ لایەنەکانی هەڵەبجە کردوویەتی کشاوەتەوە و پاشگەز بووەتەوە ئەوەش بە زیان بۆ خەڵکی هەڵەبجە و ناوچەکە دەشکێتەوە". . وتیشی، ئەو ڕێککەوتنەی کە کرابوو برادەرانی یەکێتی لە ئاستی مەڵبەندی هەڵەبجە و بەرپرسانی هەڵەبجە و شارەزوری یەکێتی لێی ڕازی بوون، بەڵام وا دیارە بەرپرسانی باڵایان لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتییان ڕێککەوتەنەکەیان بەدڵ نەبووە بۆیە بڕیاری کشانەوەیان داوە لەبەشێکی ئەو ڕێککەوتننامەیە. . بەرپرسی لقی هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوەکرد، وەکو سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی هەڵەبجە تا ئێستا پابەندن بە رێککەوتنەکە و هیوادارن لەپێناو پۆستیک و  دوو پۆستدا هیچ لایەنێک کارێک نەکات کە زیان بە هاووڵاتیان بگەیەنێت. . جەختیشیکردەوە، ئەو ڕێککەوتنە بە یەک پاکێج دەبینن و دەبێت پێکهێنانی ئەنجومەنەکە و دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکان یەک پاکێج و یەک ڕێککەوتن بێت. . بەگوێرەى رێككه‌وتنی رۆژی 2ی ئەیلولی 2019ی لایه‌نه‌كانی هه‌ڵەبجه‌ یەکێتی شەش كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، چوار به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی وەردەگرێت، هەروەها بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێنج کورسی و سێ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی، لیستی خزمه‌تی یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ، پێكه‌وه‌ حه‌وت كورسی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و چوار به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی وەردەگرن. . هاوکات پارتی سێ کورسی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌ن و سێ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامیش دوو ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و لیستی هاوپه‌یمانی نیشتمانی كورسییه‌ك و كاكه‌ییه‌كانیش كورسییه‌ك وه‌رده‌گرن، ئه‌وه‌ش جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی 13ی ئەیلولی 2017 یه‌. . هەر بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، دوای گۆڕینی شارۆچکەی خورماڵ لە ناحیەوە بۆ قەزا، قایمقامی قەزاکە بە پارتی دەدرێت، تا ئەو کاتەش پۆستی بەڕێوەبەری شارۆچکەی بەمۆ بۆ پارتی دەبێت. . جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە هەڵەبجە نایشارێتەوە لەسەر چۆنێتی دابەشکردنی پۆستەکانی پارێزگای هەڵەبجە حزبەکەى تێبینى هەیە و دانیش بەوەدا دەنێت نووسراوەکەی پارێزگاریش تەنها بۆ ئەوەیە و پابەندن بە دابەشکردنی کورسییەکانەوە. . ئەحمەد قەدەفەری، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە هەڵەبجە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ناکرێت یەکێتی لە هەولێر شەش کورسی هەیە، بەڵام نەک بەڕێوەبەری ناحیە، بەڵکو بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی نەدراوەتێ، لە دهۆکیش بەهەمانشێوەیە، بۆیە ناکرێت یەکێتیش لە سنوری هەڵەبجە پۆست بەسەر پارتیدا ببەخشێتەوە". .