گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

وردەکاری تەقەکردن و دەستگیرکردنی پاسەوانەکانى پەرلەمانتارەکەى پارتی لە موسڵ.. حەشد چی دەڵێت؟

2019.09.12 - 15:59
وردەکاری تەقەکردن و دەستگیرکردنی پاسەوانەکانى پەرلەمانتارەکەى پارتی لە موسڵ.. حەشد چی دەڵێت؟
ناس کورد- ئێوارەى دوێنێ چوارشەممە، 11ی ئەیلولی 2019، لە بازگەیەکی هاوبەشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە ناوچەى کۆکجەلی لە موسڵ، شەڕ و دەمەقاڵی لەنێوان کاروانی ئۆتۆمبێلەکانى شیروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی لە نەینەوا و هێزە ئەمنییەکانی بازگەکەدا ڕوویدا. لیوای حەشدی شەبەکی سەر بە دەستەى حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لە ڕووداوی "دەستگیرکردنی" پاسەوانەکانى پەرلەمانتارێکی پارتی لە نەینەوا کرد. . لیواکە لە ڕاگەیەنراوەکەى ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ی ئەیلولی 2019، دەڵێت، "کاتژمێری پێنج و نیوی ئێوارەى دوێنێ کاروانێکی چەند ئۆتۆمبێلی جامڕەش کە لەلایەن ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی بێ تابلۆ پێشڕەوی دەکرا لە بازگە نەوەستاوون و دەرچوون." دەشڵێت، "کاتێک یەکێک لە سەربازەکانی سوپا پرسیاری لە ئۆتۆمبێلی کۆتایی کردووە زانیویەتی عەرەب نییە بەڵکو کوردە و ئەندامێکی پێشمەرگەیە، پاشان پەیوەندییان بە بەرپرسی کاروانەکە کردووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە لە بازگەکە وەستاندوویانە." . ئاماژەى بەوەشکردووە، "بەشێک لە پاسەوانەکانى کاروانەکە تەقەیان کردووە، دواتر چەکدارانى حەشد ئەو کەسانەیان دەستگیرکردووە، بەشێکی کاروانەکەش ڕایانکردووە و هاوڕێکانیان و چەکەکانیان بەجێهێشتووە." ڕاشیگەیاند، "لەدوای دەستێوەردانی فالح فەیاز، سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی و چەند بەرپرسێک لە حەشد و سوپای عێراق، کەسەکانیان ئازادکردووە، دواتر زانراوە کە کاروانەکە هی پەرلەمانتار شیروان دووبەردانی بووە." . هاوکات شیروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری پارتی لە نەینەوا ڕایگەیاند، کۆمەڵێک لە چەکدارانى "حەشدی شەبەک" چوار پاسەوانی تایبەتیان دەستگیرکردووە و تەقەیان لە کاروانەکەی کردووە لە ناوچەى کۆکجەلی لە ڕۆژهەڵاتی موسڵ. دەشڵێت، "چەند چەکدارێک لە لیوای 30ی حەشدی شەبەک و سوپای عێراق دەستدرێژییان کردووەتە سەر کاروانەکەى من و کاروانی ئۆتۆمبێلەکانى پەرلەمانتاری سیروان ڕۆژبەیانی لە بازگەیەکی هاوبەشی حەشد و سوپا لە کۆکجەلی موسڵ." . ئاماژەى بەوەشکردووە، "هێزەکە چوار پاسەوانی تایبەتیان دەستگیرکردووە، هەروەها تەقەیان لە کاروانەکەى من کردووە دوای ئەوەى دەماقاڵێ دروستبووە." پێشتر شیروان دووبەردانی دەشتى نەینەوای "پڕ ئاژاوە و یاخیبوو" لە حکومەت و دەوڵەت وەسفکرد، هاوکات هەردوو پەرلەمانتاری لە فراکسیۆنى فەتحی، قوسەی عەباس و حەنین قدو، تۆمەتبارکردووە بە هەوڵدان بۆ "یاخیبوون لە دەوڵەت و دەرچوون لە دەستوری عێراق."