گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ئایا سەزای تەمەلی بە بارزانی وتووە پێشەوای گەلی کورد ؟

2019.09.10 - 21:46
ئایا سەزای تەمەلی بە بارزانی وتووە  پێشەوای گەلی کورد ؟
ناس کورد- ڕۆژی شەممە، 7ی ئەیلولی 2019، شاندێکى باڵای پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) بە سەرۆکایەتى سەزای تەمەللی، هاوسەرۆكی پارتەکە و بە یاوەری جێگری هاوسەرۆك و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد. لە ماوەى سێ ڕۆژدا، شاندەکە لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەواوی سەرکردە حزبییەکان و بەشێک لە بەرپرسانی حکومی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، چەندین پرس و بابەتی تایبەت بە ناوچەکە تاوتوێکران. .

یەکەم کۆبوونەوەى شاندەکە لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، لەکاتی ڕوماڵی کۆبوونەوەکەدا، کەناڵی ڕووداو وێنەیەکی پێشوازی بارزانی لە تەمەللی لە لاپەڕی فەیسبوکی خۆی بڵاوکردەوە کە لەسەری نوسرابوو: (سەزای تەمەللی: هاتووم لەگەڵ پێشەوای گەلی کورد بیروڕا ئاڵوگۆڕ بکەم.)

ناس کورد بەدواداچوونی بۆ پۆستەرەکە کرد، بەڵام لە هیچ لێدوان و ڕاگەیەنراوێکی فەرمی دەزگاکانى پارتی و بارەگای بارزانی و سایتەکانى نزیک لە هەدەپە وەها قسەیەکی تیا نەبوو. . عابد ئیکە، نوێنەری هەدەپە لە هەرێم کە خۆی لە سەرجەم کۆبوونەوەکانى شاندی هەدەپە ئامادەبوو بە ناس کوردی وت، "بە هیچ شێوەیەک سەزای تەمەللی وەها قسەیەکی نەکردووە، بەڵکو لە دوای هەموو کۆبوونەوەکان وتوویەتی بارزانی بینیوە وەک یەکێک لە سەرکردەکانى کورد، وەک هەموو سەرکردەی حزبەکانى تر." عابد ئیکە وتیشی، "ئەو کەناڵە بە دەست ئەنقەست ئەو کارەى کردووە و لە ماوەى ڕابردووشدا چەندینجار کاری هاوشێوەى کردووە."