گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تورکیا هۆکاری ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و باکوری سوریایە

مەزڵوم عەبدی: کەمپی (هۆل) لە بۆمبێکی تەوقیتکراو دەچێت نازانین کەی دەتەقێتەوە

2019.09.08 - 19:20
مەزڵوم عەبدی: کەمپی (هۆل) لە بۆمبێکی تەوقیتکراو دەچێت نازانین کەی دەتەقێتەوە
ناس کورد- فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، هۆشداری دەدات لە مەترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی داعش، داواشدەکات لە بری چارەسەری سەربازی چارەسەرێکی سیاسی بۆ ناوچە ڕزگارکراوەکانی ژێر دەستی داعش، بدۆزرێتەوە. . مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات ( هەسەدە) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی میدیاییcnn" "ى ئەمریکی هۆشداریدا لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی داعش لە ناوچەکە، داواشیکرد ئەمریکا پاڵپشتییەکانی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات زیاتر بکات. . بەوتەى عەبدى ، دوای بڕیارەکەی ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتى فوڕات، جموجۆڵەکانی داعش  رووى لە زیادبوون کردووە. . ڕوونیشکردەوە، چەکدارانی داعش لە ئێستادا لەو ناوچانەی کە هاوسنورن لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان و ئەو ناوچانەی کە دەکەونە ڕۆژئاوای ڕوباری فوڕات و ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای سوریا، دەستیان بە جموجۆڵ کردوەتەوە. . بەوتەى فەرماندەى گشتى هێزەکانى هەسەدە، هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ ئەمریکییەکان هاوپەیمانییەکی کارایان هەبووە دژ بە داعش، بەڵام بەهۆی سەرقاڵبوونی سوپای ئەمریکا بە ئیدارەدانی خاڵەکانی چاودێری لەسەر سنوری نێوان سوریا و تورکیا لە ئێستادا ئەمریکا کەمتر بەشدارە لە پڕۆسەی ڕاوەدوونانی داعش.   .   سەبارەت بە دۆخى ئەو داعشانەى کە لەلاى  هێزەکانی سوریای دیموکرات لە زینداندان، مەزلوم عەبدی وتی:" باردۆخە کە زۆر سەختە، کەمپی هۆل لە ئێستادا وەک بۆمبێکی تەوقیتکراوە، نازانین  کەی دەتەقێتەوە". . داواشیکرد، وڵاتە ئەوروپییەکان پابەند بن بە بەڵێنەکانی خۆیانەوە بۆ وەرگرتنەوەی هاووڵاتییە تێوەگلاوەکانیان لەڕێکخراوی داعش بە دادگایکردنیان یاخود یارمەتیان بدەن لە دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی لە باکووری سوریا تایبەت بەو پرسە. . لەبارەى هەڕەشەکانی تورکیا دژ بە هێزەکانی سوریای دیموکرات، فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات جەختى کردەوە لەوەى ئەوان بەشێک نین لەشەڕ دژ بە تورکیا. . وتیشى "هەڕەشەکانی تورکیا بۆ لەشکرکێشی لە ناوچەکانی باکوری رۆژهەڵاتى سوریا، زیاتر چەکدارانی داعشی هانداوە بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆرستی. . داواشى کرد چارەسەرێکی سیاسی لە بڕی جارەسەری سەربازی  بۆ ناوچەکە  بدۆزرێتەوە و بەو هیوایەش بوو ئەمریکا لەگەڵ تورکیا بگاتە ئەنجامێک بۆ ئەوەی ناوچەکە بەدوور بێت لە هەر ململانێیەکی تر. . فەرماندەکەی هەسەدە روونیکردەوە، هێزەکانی سوریای دیموکرات، ڕەزامەندیانداوە لەسەر دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام بە قوڵایی 5 کیلۆمەتر و درێژی 12 کیلۆمەتر لە باکوری سوریا. . ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان نەرمییەکی زۆریان نیشانداوە، بڕواشیان وایە ئەمریکییەکان لەو سیاسەتەی ئەوان تێدەگەن، بەڵام هەڵسوکەوتە نابەجێکانی تورکیا ڕێگرە لە گەیشتن بە چارەسەرێکى باش لە ئایندەیەکی نزیکدا. .