گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەپۆلی کۆچبەران لە تورکیاوە بۆ یۆنان زیادیکردووە

2019.09.08 - 17:40
شەپۆلی کۆچبەران لە تورکیاوە بۆ یۆنان زیادیکردووە
ناس کورد- شەپۆلی کۆچبەران لە تورکیاوە بۆ دورگەکانى یۆنان و دواتر بۆ وڵاتانی ئەوروپی بەردەوامە، لە چەند هەفتەى ڕابردوودا ئامارەکە بەشێوەیەک بەرچاوە بەرزبووەتەوە کە ئەوەش پرسیار لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنى ساڵی 2016ی تورکیا و یەکێتى ئەوروپا دروست دەکات. بەپێی ئاماری پۆلیسی یۆنان، لە بەرەبەیانى ڕۆژی هەینی تاوەکو ئێوارەى دوێنێ (7ی ئەیلولی 2019) 424 کۆچبەر لە تورکیاوە گەیشتوونەتە دورگەکانی یۆنان. هاوکات بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەرانی تایبەت بە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە مانگی ئابدا هەشت هەزار و 103 کۆچبەر لە تورکیاوە گەیشتوونەتە دورگەى ئیجە لە یۆنان. تائێستا زیاتر لە 24 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە دورگەکە و دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە وڵاتانى دیکەى ئەوروپا. هەفتەى ڕابردوو، حکومەتی یۆنان هەزاران کۆچبەری لە دورگەکانەوە گواستەوە بۆ خاکی سەرەکی یۆنان تاوەکو ئەو کەسانەى داواکاری مافی پەنابەرێتییان ڕەتدەکرێتەوە بگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان. مانگی ئازاری ساڵی 2016، یەکێتى ئەوروپا و تورکیا ڕێککەوتنی کۆچبەرانیان واژۆ کرد و ڕێککەوتن لەسەر گەڕاندنەوەى ئەو کۆچبەرانە بۆ تورکیا کە خۆیان دەگەیەننە دورگەکانی یۆنان و لە یۆنان مافی پەنابەری وەرناگرن.