گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان: بڕیارەکانی حکومەت نابێت دژی یاسای بەدەستهێنانی زانیاری بن

2019.09.06 - 14:11
نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان: بڕیارەکانی حکومەت نابێت دژی یاسای بەدەستهێنانی زانیاری بن
ناس کورد- شەهرام عەزیز لە دوای دەستبەکاربوونی وەزیرە نوێیەکانی حکومەت تا ئێستا چەند وەزارەتێک چەند  بڕیارێکیان داوە، کە بەدەستهێنانی زانیاری لەلایەن ڕۆژنامەنوسانەوە قورس و بەرتەسک دەکات، نەقیبى سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستانیش دەڵێت، بڕیارەکانی حکومەت نابێت دژی یاسای بەدەستهێنانی زانیاری بێت. , لە نوسراوێکدا وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاندووە، ، بە مەبەستی ڕێکخستنی گوتاری وەزارەت و مامەڵەی تەندروست لەگەڵ میدیادا، بڕیاریانداوە هیچ فەرمانبەرێک بە سەرجەم پلە وەزیفییەکانەوە لێدوان و بەشداری هیچ بەرنامەیەک نەکەن، بەبێ ڕەزامەندی وەرگرتن لێیان. , هاوکات ڕۆژى چوارشەممە ٤ى ئەیلول وەزارەتی پەروەردە لە ڕوونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاند، بۆ هەر بابەتێک که پەیوەندی به پرۆسەی پەروەردەوە هەبێت، پێویسته میدیاکان زانیاریەکان بەوردی و دروستی له وەزیر یان وتەبێژی فەرمی وەزارەت وەربگرن. , وەزارەتى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتیش وێنەگرتنى چەند سەنتەر و بنکەیەکى سەر بە وەزارەتەکەی قەدەغەکرد و هۆکارەکەشی بۆ هەستیارى کەیسی کەسەکانى ئەو ناوەندانە گەڕاندەوە. , لەوبارەیەوە ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەگەر ئەو بڕیارانە بۆ ڕێکخستنی کارەکانی حکومەت بێت کێشە نییە، بەڵام پێویستە لە بەرامبەردا بە هیچ شێوەیەک ئەو بریارە دژی یاسای بەدەستهێنانی زانیاری نەبێت و بۆ شاردنەوەی زانیاری لە ڕۆژنامەنوسان نەبێت". , نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان وتیشی، کاتێک حکومەت یاخود وەزارەتێک بڕیارێکی لەوشێوەیە دەدات، پێویستە ئەو وتەبێژەی کە دایانەوە، بە هەموو شێوەیەک وەڵامی ڕۆژنامەنوسان بداتەوە و هاوکاریان بێت، بەڵام بێگومان وتەبێژێک بە تەنها ناتوانێت ئەو کارە بکات و فریا ناکەوێت. , ئازاد حەمەدەمین ڕونیشیکردەوە، خراپییەکی دیکەی بڕیارەکە ئەوەیە، کە ئەو وتەبێژە ئاگاداری سەرجەم کاروبارەکانی تایبەت بە وەزارەتەکەی نییە، بۆ نمونە کاتێک ئەو لە هەولێرە و بڕیارێک لە سلێمانی دەردەچێت ئەو ناتوانێت یەکسەر زانیارییەکان وەربگرێت و بیدات بە ڕۆژنامەنوسان. , ,