گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەغداد لەبارەى بەشە بودجەى هەرێم چی پێ وتون؟

ناس کورد ناوەڕۆکی کۆبوونەوکانی وەفدەکەی پەرلەمانی کوردستان لە بەغداد ئاشکرا دەکات

2019.09.06 - 12:17
ناس کورد ناوەڕۆکی کۆبوونەوکانی وەفدەکەی پەرلەمانی کوردستان لە بەغداد ئاشکرا دەکات
ناس کورد- وەفدەکەی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ زۆرینەی فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان و بەرپرسانی عیراق دیداریان ئەنجامداوە و گفتوگۆیان دەربارەی بودجە و هەڵبژاردن کردووە، لەبەرامبەریشدا بەغداد بەفەرمی داوای ناردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتەکەی کردووەتەوە، وەک ئەندامێکى شاندەکەى هەرێم واى وت. , ماوەی سێ ڕۆژە شاندێکی پەرلەمانی کوردستان کە لە ئەندامانی فراکسیۆنەکانی پارتی، یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتو پێکهاتبوون، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی پەرلەمانەکانی ئاسیا لە شاری بەغدادبوون، جگە لە بەشداریکردنیان لەو کۆبوونەوەیە، لەگەڵ بەشێکی زۆرى لایەنە سیاسی و حکومەییەکانی بەغداد کۆبوونەتەوە. , ڕوپاک ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کە هاوکات ئەندامی شاندەکەى پەرلەمانى کورستان بوو، ناوەرۆی کۆبوونەوەکانى بۆ ناس کورد ئاشکرا کرد و وتى: "هەرچەندە وەفدەکەمان لە دوو فراکسیۆنی ئۆپۆزسیۆن و سێ فراکسیۆنی بەشداری حکومەتى هەرێم پێکهاتبو، بەڵام هەموو هەوڵێکمان دا بۆ ئەوەی باشترین وێناکردن و نوێنەرایەتیکردن ئەنجام بدەین و وەفدەکەمان زۆر بە سەرکەوتوانە کۆبوونەوە و دیدارەکانیان ئەنجامدا و لەسەر چەندین پرسی گرنگ قسەمان کردووە". , ئەو ئەندامەى شاندەکەى پەرلەمانى کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد: "لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ نوێنەرانی پەرلەمانی کوەیت و ئوردن و ئێران کۆبوینەوە، جەختمان لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانمان کردەوە، هەروەها وەفدەکەمان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عیراق و وەزیری دارایی عیراق و لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عیراق و چەندین لایەنی دیکە کۆبونەوەى ئەنجامدا، بەتایبەت لەبارەی پرسی بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2020ى عێراق و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان قسەمان کرد". , "لە دیدارەکانماندا لەگەڵ بەرپرسان و نوێنەرانی عیراق جەختمان لەوە کردەوە، لەکاتی هاتنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2020 بۆ پەرلەمانی عیراق بەشە بودجەی هەرێم و مافی مووچە خۆران نەفەوتێت، هەروەها یاسای کارگێڕی دارایی کە تێبینیمان لەسەری هەبو پێشتر و تێبینییەکانمان پێوتن و ئێستا لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراقە و تاووتوێی تیبینییەکانی ئێمە دەکەن، پێمان وتون نابێت مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێم بەشێوەی پارێزگای بچوک بێت و دەبێت هەموو ماف و شایستە داراییەکانی هەریم بدرێت و لەچوارچێوەی دەستوری عیراقدا پارێزراو بێت"، ڕوپاک ئەحمەد واى وت. , وتیشی، لەبەرامبەردا شاندی پەرلەمانی عیراق بە ڕاشکاوی پێیان وتون دەبێت حکومەتی هەریم مانگانە 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بنێرێت، بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەک دروست نەبێت و بەشێوەیەکی ئاسایی ماماڵە لەگەڵ هەرێم بکرێت. , سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، پەرلەمانتارەکەى کۆمەڵ ئەوەى خستەڕو: "گفتوگۆمان لەگەڵ لایەنی عیراقی کردووە کە مادەی ژمارە 16ی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەمواربکرێتەوە، چونکە بەپێی ئەو یاسایە ئاوارەکانی کەرکوک و ناوچە جێ ناکۆکەکان و شوێنەکانی دیکە ناتوانن دەنگ بدەن، کوردیش بەهۆی ئەو مادەیەوە زۆر زەرەر دەکات". , هەروەها شاندەکەى پەرلەمانى کوردستان لە بەغداد، داوایان کردووە پەرلەمانی کوردستان ببێتە ئەندام لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی وڵاتانی ئاسیا و وڵاتانی عەرەبی، هەروەها کۆبوونەوەی لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان وعیراق بەردەوام بێت. , شەوى ڕابردوو، شاندەکەى پەرلەمانى کوردستان گەڕاونەتەوە هەرێمى کوردستان و بڕیارە بۆ تاووتوێکردنى ئەو پرسانەى لە بەغداد تاووتوێیان کردوون لە پەرلەمانى کوردستان کۆبوونەوە ئەنجام بدەن. , ,