گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆ له‌سه‌ركارلابردنى ڕاگرى كۆلێژیك خوێندکارێک هه‌ڕە‌شه‌ى به‌كارهێنانى چه‌ك ده‌كات

2019.09.05 - 22:14
بۆ له‌سه‌ركارلابردنى ڕاگرى كۆلێژیك خوێندکارێک هه‌ڕە‌شه‌ى به‌كارهێنانى چه‌ك ده‌كات
ناس کورد- خوێندکارێکى زانکۆى راپەڕین داوا لە وەزیرى خوێندنى باڵا و بەرپرسانى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان دەکات راگرى کۆلێژێک لە قەڵادزێ لابدەن و هۆشدارى ئەوە دەدات ئەگەر ئەو کارە نەکەن بە زەبرى چەک خۆى ئەو کارە ئەنجام دەدات. . سامانی شەهید محەمەد، خوێندکار و فەرمانبەر لە زانکۆى راپەڕین لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک ئاگادارییەکى بۆ ڕاى گشتى بڵاوکردۆتەوە و تیایدا هۆشدارى دەدات "من وەک خوێندکارێکی ئەو زانکۆیە و هەمیش وەک فەرمانبەرێکی ئەو کۆلێژە پێش دەستپێکردنەوەی دەوامی خوێندکارانی زانکۆ ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی قەڵادزێ نەگۆڕن!، هەرخۆپیشاندانێکی دژ بکرێتەوە بە 75 پێش خوێندکارانی زانکۆ دەکەوم و دەست لەکەس ناپارێزم..!!". . بەوتەى ئەو خوێندکارە ئەو راگرە سوکایەتى بە خوێندکاران و فەرمانبەران دەکات و دەڵێت "کەس لێی ڕازی نیه بۆتە ملازم موحسین".   . د.مۆفه‌ق خالید، سه‌رۆكى زانكۆى ڕاپه‌ڕین به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند"ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ هه‌ڕە‌شه‌ى به‌كارهێنانى چه‌ك و توندوتیژى له‌دژى ڕاگرێكى سه‌ر به‌كۆلێژه‌كه‌مان بڵاوكردووه‌ته‌وه له‌فه‌یسبوكه‌كه‌یه‌وه‌ بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، خوێندكارى به‌شى ئێواران و هه‌میش فه‌رمانبه‌رى زانكۆكه‌مانه‌ و هه‌ڕە‌شه‌كانیشى به‌و دوو سیفه‌ته‌ كردووه‌ و منیش به‌شى یاسایى زانكۆكه‌م ڕاسپاردووه‌ به‌ناوى زانكۆكه‌مانه‌وه‌ ڕۆژى (یه‌كشه‌ممه)‌ سكاڵاى یاسایى له‌سه‌ر تۆمار بكرێت". . وتیشى، به‌سیفه‌تى ئه‌وه‌ى كه‌ خوێندكاریشه‌ بڕیاره‌ كۆلێژه‌كه‌ى لیژنه‌یه‌كى لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌سه‌ر دروست بکات و به‌پێى ڕێنماییه‌كان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڕە‌شه‌كه‌یدا بكرێت و بڕیارى له‌باره‌وه‌ بدرێت. . بەوتەى سه‌رۆكى زانكۆى ڕاپه‌ڕین، ئه‌و كه‌سه‌ى هه‌ڕە‌شه‌كه‌ى كردووه‌،   توندوتیژه‌ و مامه‌ڵه‌ى زۆر تونده‌ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌كەیدا و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌  له‌ماوه‌كانى ڕابردووشدا، بڕیارى گواستنه‌وه‌یان بۆ ده‌زگایه‌كى ترى ناوچه‌كه‌ داوه، به‌ڵام له‌وێشه‌وه‌ ئیداره‌ى نه‌كردوه‌ و دووباره‌ گواستیانه‌ته‌وه‌ بۆ زانكۆكه‌یان. . سه‌رۆكى زانكۆى ڕاپه‌ڕین ڕونیكرده‌وه‌ به‌هۆى چه‌ند كێشه‌یه‌كى تره‌وه‌ له‌ماوه‌كانى ڕابردوودا  ئه‌و فه‌رمانبه‌ره‌ ، 2 لیژنه‌ى ترى له‌سه‌ر گیراوه‌ و هێشتا دۆسیه‌كه‌ى چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌. .