گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەوەى نوێ: بڕیارەکە بۆ ئێمە جێگەى سەرسوڕمان نییە

شارەوانی سلێمانی ڕیسەکەی نەوەی نوێ دەکاتەوە بە خوری

2019.09.04 - 21:24
شارەوانی سلێمانی ڕیسەکەی نەوەی نوێ دەکاتەوە بە خوری
ناس کورد- هۆرڤان ڕەفعەت پاش ئەوەى تیمى ئەندازیارى نەوەى نوێ هەستان بە چاککردنەوەى شۆستەى بەردەم باخى گشتى و پرۆژەکەیان بەکۆتا هێنا، شارەوانى سلێمانى ڕایدەگەینێت، شۆستەکە هەڵدەوەشێننەوە، جوڵانەوەکەش دەڵێت، چاوەڕێی بڕیارێکى لەو جۆرە بووین و هیچ لامان سەیر نییە. , پاش تەواوکردنى پرۆژەى شۆستەى بەردەم باخى گشتى لەلایەن جوڵانەوەى نەوەى نوێوە، لە ئێستادا شارەوانی سلێمانی نیگەرانە لەو کارە، سەردەشت ڕەفیق، وتەبێژی شارەوانی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئێمە وەک شارەوانی سلێمانی ئاگاداری ئەو پڕۆژەیەی نەوەی نوێ نەبوین و پڕۆژەکەش لەکاتێکدا بوە کە ئێمە خۆمان بەنیاز بوین ئەو شوێنە نۆژەن بکەینەوە و بودجەی بۆ تەرخان بکەین، بۆیە ئێمە پڕۆژەکەی نەوەی نوێ هەڵدەوەشێنینەوە". , لەبارەى هۆکارى هەڵوەشاندنەوەى پرۆژەکەش، سەردەشت ڕەفیق وتی: "نەوەی نوێ لە سەرەتای دەستکردنیان بە پڕۆژەکە، دەبوایە بهاتنایەتە شارەوانی سلیمانی و سەردانی بەشی پڕۆژەکانیان بکردایە، لەگەڵ ئێمە پەیوەندیان دروست کردایە بۆ ئەوەی کە ئێمە چۆنیەتی کارکردن و کوالێتی ئەو کارەیان پێ بڵێین کە دەبێت چۆن ئەنجام بدرێت و دیزانیانیان بدەینێ". , وتەبیژی شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان چەند مانگێکە سەرقاڵی دانانی پلان بونە بۆ ئەوەی کە هەردوو شۆستەی بەردەم باخی گشتی و سلیمانی پاڵاس و شۆستەکانی هەردوو بەری شەقامی ئۆرزدی پێکەوە نۆژەن بکەنەوە، هەروەها وتیشی: "تەنانەت پرۆژەکانمان داوە بە کۆمپانیایەک و بودجەشی بۆ دابینکراوە، کە بڕەکەی 139 ملیۆن دینار بوە، بەڵام کە نەوەی نوێ زانیویەتی دەمانەوێت دەست بکەین بە نۆژەنکردنەوە چون ئەو هەلەیان قۆستووەتەوتەوە و دەستیان بەو پرۆەژەیە کردووە". , "ئەو چوار شۆستەیەی کە بڕیارمانداوە نۆژەنیان بکەینەوە ئێمە دیزاین و هەموو کارێکمان بۆ کردووە، دەبێت هەر چواریان یەک دیزاین بن و نابێت جیاواز بن، ئەوەی نەوەی نوێش کردویەتی هیچ بە کوالێتی و دیزاینی ئێمە نییە، بۆیە ئیمە وەک شارەوانی ئەوەی ئەوان هەڵدەوەشێنینەوە و لایدەبەین و خۆمان دووبارە نۆژەنی دەکەینەوە بەو دیزایەنی کە خۆمان دامانناوە، ئەگەر ئەوانیش حەزیان لە خزمەت بوایە دەبو سەردانی ئێمەیان بکردایە"، وتەبێژى شارەوانى سلێمانى واى وت. , لەبەرامبەردا هیمداد شاهین، لە جوڵانەوەى نەوەى نوێ بە ناس کوردى ڕاگەیاند: "ئێمە هیچ شۆک نیین بەو بڕیارەى شارەوانى سلێمانى و بەلامانەوە سەیر نییە، بەڵام پێویستە شارەوانى و فەرمانبەرەکانیشی ئەوە بزانن ئێمە دەمێکە لەوە تێگەیشتوین ئەم دەستەڵاتە لەبرى ئەوەى دونیاى ئێمە جوان بکات ئیشى هەر تێکدان و ناشرین کردن بووە". , ئەو بەرپرسەى نەوەى نوێ ئەوەشى وت: "بەپێی خەمڵاندنەکانى ئێمە پارەى نۆژەنکردنەى ئەو چوار شۆستەیەى شارەوانى بەنیازە ئەنجامیان بدات زۆر کەمترى پێویستە لەو بودجەیەى بۆ ئەو پرۆژانەیان داناوە". , لەبارەى ئەنجامدانى ئەو کارە بەبێ پرسى شارەوانى، شاهین وتى: "ئێمە هاتوین ڕێگایەکى شارەکەى خۆمان کە ڕێگایەکى سەرەکى بوە، نۆژەنى دەکەینەوە، لەسەر ئەم کارانەش بەردەوام دەبین".   , ماوەی هەفتەیەکە تیمێک لە کرێکاران و ئەندازیارانى جوڵانەوەى نەوەی نوێ، لە ناوەندی شاری سلیمانی سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی شۆستەى بەردەم باخی گشتی بوون و دواجار ئەمڕۆ چوارشەممە، کارەکەیان بەکۆتا هاتوو شۆستەکەیان بەڕوى هاوڵاتییاندا کردەوە. , ,