گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مانگانە ژمارەیەک سکاڵا لەسەر ناوزڕاندنی ئافرەتان تۆمار دەکرێت

پۆلیسی سلێمانی چۆن هەژمارە ساختەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاشکرا دەکات؟

2019.09.04 - 11:19
پۆلیسی سلێمانی چۆن هەژمارە ساختەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاشکرا دەکات؟
ناس کورد- شەهرام عەزیز پۆلیسی سلێمانی کەسێکیان بە تۆمەتی هەڕەشە و  ناوزڕاندنی ئافرەتان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیرکردووە و وتەبێژی پۆلیسیش دەڵێت: " ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن فەیسبوکی ساختەشیان هەبێت دەیاندۆزنەوە." . سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "تۆمەتبارێکیان لە قەزای سەیدسادق دەستگیرکردووە کە دەستی‌ هەبووە لە "ناوزڕاندن، بێڕەوشتی‌ کردن،  بێزارکردنی‌ چەندین ئافرەت لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان‌ و بە هەڕەشەی ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی وێنە، داوای پارەی لێ کردوون. . سەرکەوت ئەحمەد وتی ئەو تۆمەتبارە، بووەتە هۆی‌ دروستبوونی‌ کێشەی‌ خێزانیی ‌‌و کۆمەڵایەتی‌ بۆ چەندین ئافرەت". . وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتی، زۆرجار ئەو کەسانەی سکاڵا تۆمار دەکەن، تۆمەتبارەکە دەناسن و ناسنامەکەی ئاشکرادەکەن،  ئەگەریش نەیناسن و هەژمارەکە ساختە بێت، ئەوا لە رێگەی تایبەتی خۆیان دەیاندۆزنەوە. . سەرکەوت ئەحمەد باسی لەوەکرد ئەگەر ئەو هەژمارانە بە ناو، ژمارەی مۆبایل و ئیمەیڵی ساختەشەوە دروستکرابن دەتوانن، تۆمەتبارەکە ئاشکرا بکەن و وتی: "ئێمە چەند کۆمپانیایەکی تایبەت بەو بوارە، لەو دۆسیانەدا کارمان لەگەڵ دەکەن، 80٪ی خاوەنی ئەو هەژمارانە دەدۆزینەوە کە زانیارییەکانیان ساختەبێت." . وتیشی: "مانگانە لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی پێنج بۆ شەش سکاڵا لەسەر حاڵەتی هەڕەشەکردن لە ئافرەتان بە ناوزڕاندیان لە ڕیگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و مۆبایلەوە تۆمار دەکرێت. . هەرچەندە بە وتەی وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، حاڵەتەکە هێشتا نەبووەتە دیاردەیەکی مەترسیدار، بەڵام داوای لە خانمان کرد، کە بە وریاییەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنن و هەموو کەسێك نەکەن بە هاوڕێی خۆیان، ئەگەر تووشی حاڵەتێکی لەوشێوەیەش بوون، نەترسن و بەزووترین کات پۆلیس ئاگادار بکەنەوە. .