گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەهۆی بەرنامەیەکەوە کەناڵێکی بەناوبانگی عێراقی سزادرا

2019.09.03 - 12:33
بەهۆی بەرنامەیەکەوە کەناڵێکی بەناوبانگی عێراقی سزادرا
ناس کورد – کۆمسیۆنى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بەهۆی پەخشکردنی بەرنامەیەکەوە نووسینگەکانی کەناڵێکی بەناوبانگى عێراقى، دادەخات. . ڕۆژی (دووشەممە، 2ی ئابی 2019)، کۆمسیۆنى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەکات، هەموو نووسینگەکانی کەناڵی (حوڕە) لە عێراق بۆ ماوەی سێ مانگ دادەخرێن و کارکردنی ئەو کەناڵە رادەگیرێت. . بڕیارى داخستنى کەناڵەکە دواى بڵاوکردنەوەى راپۆرتێک هات لەو کەناڵەوە لەبارەی گەندەڵییە ئاینییەکان لە بەڕێوەبردنی مەزارەکانی شیعە و وەقفی سونەی عێراق و زۆرینەی حزبە ئاینیەکانی عێراقیش ئەو راپۆرتەیان بە سووکایەتی و هێرشکردنە سەر پیرۆزییەکانی وڵاتەکەیان، هەژمار کرد. . کۆمسیۆنى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق داوای لە بەڕێوەبەرانی نووسینگەی سەرەکی کەناڵی حوڕە لە عێراق کردووە، بە فەرمی داوای لێبووردن لە عێراق و کەسایەتییە ئاینیەکانی بکەن و بڵاوی بکەنەوە لەبارەی ئەو "بێڕێزییە"ی بەرامبەر بە دامەزراوە ئاینییەكان لەعێراق كردوویەتی. . هەروەها باسی لەوەشکردوە "ئەم ڕێكارە بەرامبەر بە كەناڵی حوڕە، وەك هۆشداری كۆتاییە و لەحاڵەتی دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە بێڕێزیانە، سزای توندتری دەدرێت". . هاوکات لە بەرامبەریشدا كەناڵی حوڕە، رایگەیاند "بەدرێژایی ماوەی ئامادەكردنی راپۆرتەكە، تیمی ئامادەكار، دەرفەت و كاتی تەواویان داوە بە كەسایەتی و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەوەی قسەیان هەبێت، بەڵام ئەوەیان رەتكردۆتەوە." . بەڕێوەبەرایەتی كەناڵەكە جەختى کردووەتەوە "كەناڵەكەیان پابەندە بە بنەما پیشەییەكانەوە كە خۆی لە وردیی و بێلایەنی و بابەتیبووندا دەبینێتەوە و هێشتا دەرگایان لەسەر پشتە بۆ ئەو كەسایەتی و دامەزراوە پەیوەندیدارانەی عێراق تا وەڵامی ناوەڕۆكی راپۆرتەكە بدەنەوە". . رۆژی 31ی مانگی رابردوو، كەناڵی حوڕە، راپۆرتێكی بنكۆڵكاریی لەسەر دامەزراوە ئاینییەكان لە عێراق بڵاوكردەوە کە تیایدا باسی دەیان مەلەفی گەندەڵی گەورەی بەرپرسانی شیعە و سونەی عێراق دەکرد، ئەوەش كاردانەوەی بەشێك لە كەسایەتییە ئاینییەكان و سیاسییەكان و چالاكوانانی عێراقی لێكەوتەوە. https://www.youtube.com/watch?v=Wc77KC08Hbc .