گه‌ڕان

Shadow Shadow
وه‌رزش

دەرگای گواستنەوەی یاریزانان کۆتایی هات.. گرنگترین گواستنەوەکانی کۆتا ڕۆژ چی بوون؟

2019.09.03 - 10:33
دەرگای گواستنەوەی یاریزانان کۆتایی هات.. گرنگترین گواستنەوەکانی کۆتا ڕۆژ چی بوون؟
ناس کورد-   بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لە ئەوروپا داخرا و پێش چەند کاتژمێرێک لە داخستنەکەش چەند گرێبەستێکی گرنگ ئەنجامدران، کە پشکی شێری بە پاریس سانجێرمان کەوت و هەروەها درامای نێیماریش بە مانەوەی لە پاریس سانجێرمان، کۆتایی هات. . گرنگترین گرێبەست کە لە دواساتەکانی گواستنەوەکاندا ئەنجامدرا، گواستنەوەی ماورۆ ئیکاردی ئەرجەنتینی بوو لە ئینتەرمیلانەوە بۆ پاریس سانجێرمان بەخواستن و دواتر کڕینەوەی بە 70 ملیۆن یۆرۆ. . هاوکات پاریس و ڕیاڵ مەدرید دوو گۆڵپارێزیان بەشێوەی خواستن ئاڵوگۆڕپێکرد و ناڤاس چووە پاریس و ئاریۆلاش بەرەو مەدرید بەڕێکەوت، هەر لە ئیسپانیا بەرشەلۆنە ڕافینهای بۆ یەک وەرز و بەخواستن دایە یانەی سێڵتافیگۆ و سیڤیلیەش هێڵی پێشەوەی بە گواستنەوەی چیچاریتۆی مەکسیکی بەهێزترکرد. . هاوکات لە ئیتاڵیا یانەی ڕۆما  هەریەک لە هێنریک میختاریان و نیکۆڵا کاڵینیچی بە خواستن لە یانەکانی ئەرسیناڵ و ڤیۆرێنتیناوە گواستەوە، هەرچی یانەی میلانە ئەنتی ڕێبیچی لە فڕانکفۆرتەوە گواستەوە لە بەرامبەر ئەندرێ سێلڤا و بڕی پێنج ملیۆن یۆرۆ، هەر لە ئیتاڵیا ناپۆلی فێرناندۆ یۆرێنتی ئیسپانی بردە ڕیزەکانییەوە. . هاوکات یانەی پارمای ئیتاڵی ماتیۆ دارمیانی لە یانەی مانچستەریونایتدەوە گواستەوە و یۆڤانتۆسیش کوانگ سۆنگیی کۆری لە یانەی کالیارییەوە بردە ڕیزەکانییەوە. . لەلایەکی دیکەوە، گرنگترین ڕووداو کە لەم مێرکاتۆیەدا ڕووینەدا، گەڕانەوەی نێیمار بوو بۆ بەرشەلۆنە، دەرگاکە بەڕووی نێیماردا داخراوە و ناچارە ئەم وەرزەش لە پاریس بمینێتەوە، بەڵام سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکان باس لەوەدەکەن، نێیمار گەڕانەوەی بۆ بەرشەلۆنە لەبیر نەکردووە و لە وەرزی داهاتووشدا پاریس سانجێرمان ناتوانێت ڕێگری لەو ئاواتەی نێیمار بکات، چونکە بەگوێرەی گرێبەستەکەی لە ساڵی داهاتووەوە بڕی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی دەبێتە 170 ملیۆن یۆرۆ و هەر یانەیەک ئەو بڕە پارەیە بدات، نێیمار ئازادە لە چوونی بۆ ئەو یانەیە. .