گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

 دەربەندیخان.. مزگەوتێک ئاگری گرت و بەشێکی بە تەواوی سووتا

2019.09.02 - 13:35
 دەربەندیخان.. مزگەوتێک ئاگری گرت و بەشێکی بە تەواوی سووتا
  ناس کورد لەقەزای دەربەندیخان مزگەوتێک، بەهۆی شۆرتی کارەباوە ئاگری گرت و بەشێکی بە تەواوی سووتا، مامۆستای مزگەوتەکە داوا دەکات بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی گەرمیان، لیژنەیەک بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕەوانە بکات. . ڕووداوەکە بەیانی ئەمڕۆ 2ی ئەیلوولى 2019، لە مزگەوتی "ئیخلاس"ی قەزاکە ڕوویداوە بەهۆیەوە بەشێکی مزگەوتەکە بە تەواوی سووتاوە. . ناسح مەلا حەسەن قائیمقامی دەربەندیخان بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "ئاگرەکە بەهۆی شۆرتی کارەبای یەکێک لە پانکەکانەوە کەوتووەتەوە، لەبەرئەوەی زۆر گەرم بووە گڕی گرتووە و دواتر ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە." . ناسح مەلا حەسەن وتی: "ئەو شوێنەی ئاگرەکەی لێکەوتوەتەوە، شوێنی نوێژی هەینی ژنان بووە و نزیکەی 250 نوێژ خوێن تێیدا دەیانتوانی نوێژ بکەن، تیمەکانی بەرگری شارستانی دەربەندیخان زوو گەیشتونەتە شوێنێ ڕوداوەکە و توانیویانە ئاگرەکە کۆنترۆڵبکەن". . قائیمقامی دەربەندیخان وتیشی: "قسەم لەگەڵ مامۆستای مزگەوتەکە کردووە و پێی وتوین کە ڕوداوەکە تەنها شۆرتی کارەبا بووە و هیچ هۆکاریکی دیکە نەبوە، لە ڕۆژانی داهاتوشدا پەیوەندی دەکەن بە بەڕێوبەرایەتی ئەوقافی گەرمیانەوە بۆ ئەوەی لیژنەیەک بنێرن بە مەبەستی خەمڵاندنی زیانەکان و نۆژەنکردنەوەی." بەپێی ئەو وێنانەی دەست ناس کورد کەوتووە، بەهۆی ئاگرەکەوە چەند قورئانێکی پیرۆز، ژمارەیەک کتێبی ئاینی ،فەرش، ساردکەرەوەکان و سەقفی مزگەوتەکە بەتەواوی سووتاون.