گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەولێر.. مامۆستایانی گرێبەست جارێکی تر خۆپیشاندانیان ئەنجامدا

2019.09.02 - 11:51
هەولێر.. مامۆستایانی گرێبەست جارێکی تر خۆپیشاندانیان ئەنجامدا
ناس کورد جارێکی تر مامۆستایانی گرێبەستی وەزارەتی پەروەردە، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و داوایانکرد بکرێنە هەمیشەیی. . خۆپیشاندانەکە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 2ی ئەیلوولی 2019، لە بەردەم بینای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو. . لە خۆپیشاندانەکەدا مامۆستایان، داوایانکرد حکومەت لەمساڵدا گرێبەستەکەیان لە کاتییەوە بکاتە هەمیشەیی. . بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد نزیکەی پێنج هەزار مامۆستا بەشێوەی گرێبەست لە وەزارەتی پەروەردە دامەزرێندراون. . گرێبەستەکان بەپێی بڕوانامەکانیان مووچەیان بۆ خەرج دەکرێت، حکومەت بۆ بڕوانامەی بەکالۆریۆس 500 هەزار دینار و بۆ دبلۆم 400 هەزار دینار مانگانە خەرج دەکات. . پێشتر رێباز حەملان وەزیری دارایی هەرێم لە کابینەی هەشتەم ڕایگەیاندبوو، دامەزراندنی گرێبەستەکان ئەرکێکی زۆر ناخاتە سەر حکومەت بەو پێیەی ئێستا مووچەیان بۆ خەرج دەکرێت. . مامۆستایانی گرێبەست چەند جارێکی تر خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە، بەڵام هیچ بەڵێنێکیان بۆ دامەزراندنیان بە شێوی هەمیشەیی پێنەدراوە. . بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم، هەر فەرمانبەرێکی گرێبەست دوای سێ ساڵ دەکرێتە هەمیشەیی بەڵام بە وتەی ئەو مامۆستایانە، ئێستا زیاتر پێنج ساڵە وەک گرێبەست دامەزراون و تا ئێستا نەکراونەتە فەرمانبەری هەمیشەیی. . بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی دارایی، فەرمانبەرانی گرێبەست هیچ کام لە دەرماڵە و مۆڵەتی بێ مووچە، دایکایەتی یان خوێندن نایانگرێتەوە و ساڵانە مووچەکانیان گۆڕانکاری بەسەردا نایەت. .