گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دادوەر بۆ لای توێژەری کۆمەڵایەتی ناردووە

ئەو ژنەی ئەمڕۆ کوژرا بە دادوەری وتووە کەهاوسەرەکەی هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە، بەڵام دەستگیر نەکراوە

2019.09.01 - 23:29
ئەو ژنەی ئەمڕۆ کوژرا بە دادوەری وتووە کەهاوسەرەکەی هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە، بەڵام دەستگیر نەکراوە
ناس کورد- ئەو ژنەی ئەمڕۆ، لە بەردەم دادگای هەولێر کوژرا پێشتر بە دادوەری کەیسەکەی وتووە کە هاوسەرەکەی هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە بۆیە لێی جیا نابێتەوە بەڵام بکوژەکە دەستگیر نەکراوە. . پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، یەکشەممە 1ی ئەیلولی 2019،  له‌بەردەم دادگای تێهەڵچوونەوەی شاری هەولێر، پیاوێك به‌ شەش فیشه‌ك هاوسەرەکەی خۆی كوشت و دواتر ده‌ستگیركرا. . بڵند مستەفا، کە پارێزەری ئافرەتە کوژراوەکەیە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەو ئافرەتەی ئەمڕۆ لە بەردەم دادگای هەولێر کوژرا ساڵی 2010 هاوسەرگیری لەگەڵ بكوژەكە كردووە و هیچ منداڵێکیان نییە." . ئەو باسی لەوەکرد، كوژراوەكە لە مانگی 11ی 2017 لەسەر سکاڵای هاوسەرەکەی بەهۆی بوونی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، دەستگیکراوە و ئافرەتەکە دانی بە تاوانەكەیدا ناوە هەر بۆیە بە سێ ساڵ زیندانیکردن سزادراوە، بەڵام بە لێبوردنی گشتی کەوتووە و دوای ساڵێک و چوار مانگ لە زیندان ئازاد کراوە". . پارێزەری ژنە کوژراوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئازادكردنی نێردراوەتە ماڵی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێكراو، تا باوكی و مێردەکەی بەڵێننامەیانـدا كە سەلامەتی گیانی بپارێزن، دواتر ژنەكە گەڕاوەتەوە ماڵی باوكی لە گوندی جمكە و بنبێرز لە دەوروبەری هەولێر. . بڵند مستەفا باسی لەوەشکرد، ئافرەتی كوژراوەکە، دوای ئازادبوونی لە دادگای باری كەسێتی هەولێر داوای جیابوونەوەی تۆماركردووە، بەتۆمەتی ئەوەی لەلایەن مێردەکەیەوە هەڕەشەی كوشتنی لەسەرە، بەڵام مێردەکەی داوای جیابوونەوەکەی ڕەتدەکردەوتەوە. . ژنە کوژراوەژە بە پارێزەرەکەی وتووە هاوسەرەکەی دەیەوێت بیکوژێت بۆیە نایەوێت جیا بێتەوە. . "دوای شەش دانیشتنی دادبینی بە بەڵگەی یاسایی بۆ دادگا سەلمێنرا كە ئەو پیاوە هەڕەشەی كوشتنی لە ژنەكە كردووە و بە بڕیاری دادوەری باری كەسی هەولێر هەردووكیان رەوانەی لای توێژەری كۆمەڵایەتی كرابوون"، پارێزەری ژنە کوژراوەکە وای وت. . بڵند مستەفا پارێزەری ژنە کوژراوەکە وتی: " ئەمڕۆ هەردووكیان کاتی بینینی توێژەری كۆمەڵایەتیان هەبووە،  ئافرەتی كوژراو بۆ لای توێژەری كۆمەڵایەتی چوبووە دادگا، پیاوەكەشی چووە و زانیویەتی ژنەكەی لەناو دادگایە و یەكسەر چۆتە دەرەوە و نەچۆتە لای توێژەری كۆمەڵایەتیش، دوای ئەوەی ئافرەتەکە لە دادگا دەرچووە و لەبەردەم دادگا مێردەكەی کوشتی." . پارێزەری ئافرەتە کوژراوەکە باسی لەوەکرد، ژنەکە تەنها لە دادگا وتویەتی مێردەکەی هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە و لە پۆلیس سکاڵای تۆمارنەکردووە بۆیە دەستگیر نەکراوە. .