گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وتەبێژی قوباد تاڵەبانی: پڕۆژەی بایۆمەتری فەرمانبەران هەڵنەوەشاوەتەوە

2019.09.01 - 20:57
وتەبێژی قوباد تاڵەبانی: پڕۆژەی بایۆمەتری فەرمانبەران هەڵنەوەشاوەتەوە
ناس کورد - هەڤاڵ فەتاح وتەبێژی قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، پڕۆژەی بایۆمەتری فەرمانبەران هەڵنەوەشاوەتەوە و لەماوەیەکی نزیکدا قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە دەستپێدەکات. . سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: پڕۆژەکە سەرکەوتوو بووە و هەموو داتاو زانیارییەکانی حکومەت لەو پڕۆژەدا پارێزراون. . لە کابینەی پێشووی حکومەتدا، پڕۆژەی بایۆمەتری دەستیپێکرد و قۆناغی یەکەمی تەواوبوو کە تێیدا زانیاری تەواو لە سەر فەرمانبەرانی هەرێم کۆکرایەوە، ئامانجی پڕۆژەکە بە ئەلیکترۆنی کردنی داتاکانی فەرمەنبەران و دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی زیاد لە مووچەیەک وەردەگرن. . لە ئێستادا وەزارەتی پەروەردە لە ڕێگەی فۆڕمێکەوە، جارێکی تر زانیاری لەسەر مامۆستایان و فەرمانبەران کۆدەکاتەوە، لە کاتێکدا تەواوی زانیارییەکان پێشتر لە پڕۆژەی بایۆمەترییدا وەرگیراون. . وتەبێژەکەی جێگری سەرۆک حکومەتی هەرێم باسی لەوەکرد، ئەوان ئاگاداری دابەشکردنی فۆڕمی زانیاری لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە نین، و نازانن بۆ چ مەبەستێک ئە فۆڕمە دابەشکراوە. . سەمیر هەورامی ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی پەروەردە لە بری دابەشکردنی فۆرمی زانیاری، دەتوانێت هەموو زانیارییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارتی دارایی لە ڕێگەی بایۆمەترییەوە وەربگرێت. . وتیشی: "ئەگەری هەیە ئەو زانیاریانەی کە وەزارەتی پەروەردە داوای کردووە، پەیوەندی بە ڕێکخستنی میلاکاتەوە هەبێت لە قوتابخانەکان وەک ئامادەکارییەک بێت بۆ ساڵی نوێی خوێندن." . "ئێستا حکومەت سەرقاڵی ڕێکارەکانی بە ئەنجام گەیاندنی قۆناغی دووەم و سێهەمی  پڕۆسەی بایۆمەترییە، پێدەچێت لەئایندەیەکی نزیکدا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە" سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وای وت. .