گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گۆڕان و پارتی چاوەڕێی کۆبونەوەیەکی سێ قۆڵین لەگەڵ یەکێتیدا

پارتی هۆکاری دواکەوتنی پێدانی پۆستەکانی حکومەت بە گۆڕان روونکردەوە

2019.09.01 - 15:57
پارتی هۆکاری دواکەوتنی پێدانی پۆستەکانی حکومەت بە گۆڕان روونکردەوە
ناس کورد – پارتی هۆکاری دواکەوتنی پێدانی بەرکەوتە وزارییەکانی کابینەى نوێى حکومەتى هەرێمى بە بزوتنەوەی گۆڕان ڕوونکردەوە و ئاماژە بەوە دەدات "هۆکارەکەى تەکنیکییە". . ئەمڕۆ (یەکشەممە،1ی ئەیلولی 2019) شاندێکی باڵای گۆڕان سەردانی هەولێری کرد و لە پیرمام لەگەڵ شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی کۆبوەوە. . کۆبوونەوەکە لەبارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی لەپیرمام بەڕێوەچوو، شاندەکەی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن عومەر سەید عەلی، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکە سەرۆکایەتى دەکرا و هەرچى شاندى پارتییە فازڵ میرانی، سەرۆکایەتی دەکرا. . پاش کۆبوونەوەکە هەریەک لە مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاراس وەلی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە پرێس کۆنفرانسێکدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو. . مەحمود محەمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەماندا هەندێ پرسمان تاوتوێ کرد و باسمان لەوە کرد لەوانەیە حکومەتی بەغدا بە گوێرەی ئەو یاسایەی کە دایان ناوە، هەوڵیدابێت حزبە بچووکەکان لە دەسەڵاتە ناوچەییەکان بێبەش بکات، جیا لەمانەش لەوانەیە لە کەرکوک و موسڵ و ناوچە کێشە لەسەرەکان و سنووری مادەی 140 بەهۆی ئەو کێشەیەی کە دوای 16ی ئۆکتۆبەر پێشهات، تووشی گرفت بین". . وتەبێژى پارتى وتیشى، کۆمەڵێک بابەتی پەیوەندیدار هەیە کە پێویست بەوە دەکات لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش دابنیشین و بەتەماین کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لەنێوان پارتی و یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان ئەنجام بدرێت. . مەحمود محەمەد، روونیکردەوە، بۆ پرسی بەغدا و پرسی کەرکووک، جیا لەم سێ حزبە، لەگەڵ حزبەکانی دیکەش کە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆنن کۆ دەبنەوە و ئەو بابەتەى بە بابەتێکى نیشتمانی ناوبرد. . دەربارەی دواکەوتنی پێدانی بەرکەوتەکانی گۆڕان لە کابینەی نوێ، وتەبێژى پارتى جەختى کردەوە "هەندێک لە دواکەوتنەکان بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە بووە و چاوەڕێی ئەو گۆڕانکارییە یاسایی و ئیداریانە بوون کە لەپۆستەکاندا بکرێت، هەروەها هەندێک لە پۆستەکانی دیکەی وەکو ئەوانەی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرانی سەرۆکی هەرێم، پۆستی نوێن و هێشتا دروست نەکراوون دەبێت لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دروست بکرێن و بنێردرێن بۆ پەرلەمان". . لە بەشێکى ترى کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ئاراس وەلی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان وتی:"ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆمان چەند تەوەرێک بوو، کە یەکێکیان یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بوو کە پێمانوایە یاساکە گرفتی تێدایە و تێبینیمان لەسەری هەیە و ڕوانگەکانمان لەگەڵ پارتی لە یەکترەوە نزیک بوون". . وتیشى "باسمان لەوە کرد کە ئەگەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بکرێت، چۆن بەشداریی تێدا بکەین، ئایا بە یەک لیست بەشداری بکەین؟ بۆ ئەوەی سەنگ و قورسایی کورد دەربکەوێت". . ئاراس وەلی، روونیکردەوە :"پرسێکی دیکە کە باسمان لێوە کرد، مەسەلەی شەفافیەت بوو لەبارەی ئەو زانیارییانەی پرسی نێوان بەغدا و هەرێم کە بۆ هاووڵاتیانی بگوازینەوە و جەختمان لەوە کردەوە هەموومان یارمەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین بۆ ئەوەی گرفتەکان لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە چارەسەر بکەین". .   ئەندامەکەى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان، ئاماژەى بەوە کرد "باسمان لە پەیوەندییە سیاسییەکانى ئێمە و پارتی و لایەنەکانی دیکە کردوە و هەروەها هیودارین لەگەڵ یەکێتی و پارتی کۆبونەوەیەکی سێ قۆڵی ئەنجام بدەین".