گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پڕۆسەی وەرگرتنی ڤیزای بەریتانیا بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان خێراتر دەکرێت

2019.09.01 - 13:36
پڕۆسەی وەرگرتنی ڤیزای بەریتانیا بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان خێراتر دەکرێت
ناس کورد- نووسینگەى رۆژنامەوانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند "مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان داواى لە جۆن ویلیکس، باڵیۆزى بەریتانیا لە عێراق کردووە ئاسانکاری زیاتر بکرێت بۆ هاتووچۆ و گەشتکردن لە نێوان هەردوولادا بە تایبەتی بۆ هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان". . لە راگەیەندراوەکەى نووسینگەى رۆژنامەوانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا، ئاماژە بەوە کراوە "ئەمڕۆ (یەکشەممە، 1ى ئەیلولى 2019) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیکرد لە جۆن ویلیکس، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق" . . بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا کە جەیمس سۆرۆنتن کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەبوو. باڵیۆزی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی بە گەشبینی و ئەرێنی پێشوازی لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و ئامادەیە بۆ هەموو هاوکارییەک و وتیشی هەرێمی کوردستان بەردەوام لە گەشەکردندایە. خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی کە ئێستا کەشێکی ئەرێنی لە نێوان هەولێر و بەغدا لە ئارادایە. هەروەها ئاماژەی بە ئامادەیی کۆمپانیا بەریتانییەکان کرد بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن. . لە راگەیەندراوەکەدا روونکراوەتەوە مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بەوە کردوە "ئێستا گفتوگۆکان بەردەوامن و پەیوەندییەکان بە ئاراستەیەکی راستدا دەڕۆن و لەیەکتێگەیشتنێکی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور. . راگەیەندراوەکە ئاماژەى بەوە کردووە، سەرۆکی حکومەت داوای لە باڵیۆزی بەریتانیاش کرد کە ئاسانکاری زیاتر بکرێت بۆ هاتووچۆ و گەشتکردن لەنێوان هەردوولادا بە تایبەتی بۆ هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان کە بتوانن سەردانی بەریتانیا بکەن. لەم رووەوە باڵیۆزی بەریتانیا روونیکردەوە کە لەمەودوا پڕۆسەی وەرگرتنی ڤیزا بۆ هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان خێراتر دەبێت. .