گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

یەکێتى لە بادینان وەک ئۆپۆزسیۆنە

بەرپرسێکی یەکێتی لە دهۆک: ئاسایشی پارتی فۆڕمی زانیاری بە کادرەکانمان پڕدەکاتەوە

2019.08.30 - 21:14
بەرپرسێکی یەکێتی لە دهۆک: ئاسایشی پارتی فۆڕمی زانیاری بە کادرەکانمان پڕدەکاتەوە
ناس کورد- شەهرام عەزیز بەوتەى بەرپرسێکى یەکێتى، کادرانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە سنوری بادینان لەژێر فشاری ئاسایشی پارتیدا فۆڕمیان پێپڕکراوەتەوە و بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتیش لە دهۆک دەڵێت، لە گفتوگۆدان لەگەڵ ئاسایش ئەگەر لەم چەند ڕۆژەدا نەگەنە ڕێککەوتن ئەوا سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کێشەکە ئاگادار دەکەنەوە، دەشڵێت، یەکێتی لە بادینان وەک ئۆپۆزسیۆنە. , بەرپرسی کۆمیتەیەکی یەکێتی لە سنوری بادینان کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەوە، ئاسایشی پارتی، کادرانی یەکێتی لە سنوری بادینان هەراسان کردووە و زۆرێک لە کادرەکانمان سێ بۆ چوار جار بردراونەتە ئاسایش". , ئەو بەرپرسەى یەکێتى لە بادینان وتیشی: "ئاسایشی پارتی بە بیانوی گومانی پەیوەندی ئێمە لەگەڵ پەکەکە بانگهێشتمان دەکات و هەرکەسێکیش کە بانگدەکرێت، فۆڕمێکی پێپڕدەکرێتەوە و هەموو زانیارییەکی ئەو کەسەی لەسەرە بە ژمارەی مۆبایل و ناو و ئیمەیڵی و فەیسبووکیشەوە". , بە وتەى ئەو بەرپرسەى کۆمیتە، پارتی دەیەوێت بەو بیانووە، کادرانی یەکێتی لە ناوچەکە لاواز بکات و ڕێگای ئەنجامدانی چالاکیان لێبگرێت، بەڵام مەڵبەندەکانیان لەو کێشەیە ئاگادارکردووەتەوە بۆ چارەسەرکردن.   لەوبارەیەوە عەبدولباری زێباری، بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی لە دهۆک سەرجەم وتەکانی ئەو بەرپرسی کۆمیتەیەی یەکێتی پشتڕاستکردەوە و  بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لەلایەن زۆرێک لە کادرەکانمانەوە ئاگادار کراوینەتەوە کە ئاسایشی پارتی ڕێگایان پێدەگرێت و بانگهێشتی ئاسایشیان دەکات و فۆڕمیان پێپڕ دەکرێتەوە، ئێمەش لەئێستادا لەگەڵ لایەنی ئەمنی و حزبی پارتی لە گفتوگۆداین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە". , زێبارى ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو کارەی ئاسایشی پارتی پێچەوانەی یاسایە، چونکە بێ هیچ بەڵگەیەک ئەو کادرانە بانگ دەکەن و هیچ شتێکیان لەسەر نییە، ئەگەر لە دادگا سکاڵایان لەسەرە، یاخود کارێکی نایاساییان کردووە، ئەوا هیچ کێشەیەک نییە، بەڵام ڕێگە نادەن بەوشێوە سیاسی و حزبیانە کادرەکانیان ببرێنە ئاسایش و ڕێگەی کاریان لێبگیرێت. , بەرپرسى مەڵبەندى دهۆکى یەکێتى، هۆشداری بە پارتی دا، ئەگەر لەم چەند ڕۆژەدا کێشەکە چارەسەر نەکەن و واز لە کادرانیان نەهێنن، ئەوا سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کێشەکە ئاگادار دەکەنەوە. , بەرپرسەکەی یەکێتی لە دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی لەو سنورە لە ڕووی سیاسییەوە حزبێکی ئۆپۆزسیۆنە، بۆیە پارتی دەیەوێت ڕێگای ئازادی ڕادەربڕین لە کادرەکانی بگرێت.   , ,