گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

نهێنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل چییە کە لە شەوێکدا بەغدا و دیمەشق و بەیروت دەگەڕێن؟

2019.08.27 - 14:59
نهێنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیل چییە کە لە شەوێکدا بەغدا و دیمەشق و بەیروت دەگەڕێن؟
ناس کورد- درەنگانێکی شەو لە عێراق بۆردومان دەکات، لە سوریا چاودێری و لە بەیروتیش ئامانج دیاری دەکات، ماوەیەکە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانى ئیسرائیل ئاسمانی ئەو سێ وڵاتەیان هەراسان کردووە. لە چەند هەفتەى ڕابردوودا، ئیسرائیل بە نهێنی و بە فڕۆکەى بێفرۆکەوان چەند بنکە و بارەگایەکی ئێران و هێزە هاوپەیمانەکانی لەو وڵاتانە بۆردومان کردووە، دواتر بە ئاشکرا کردەکانى گرتەئەستۆ و بەرپرسیارێتی ڕاگەیاند. لەبارەى پرسیارێکی ڕۆژنامەنوسان لە تێوەگلانی ئیسرائیل لە بۆردومانی بنکە و کۆگاکانى چەکی حەشدی شەعبی لە عێراق، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی، "ئێران لە هیچ شوێنێک پارێزراو نییە." .

کەواتە نهێنی ئەو هێزە چییە کە ئیسرائیل هەیەتی؟

ئەو هێزە بریتییە لە فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی قەبارە بچوک کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیش بە قورسی دەیدۆزێتەوە، وردییەکی سەیری هەیە لە پێکانی شوێنەکان و دیاریکردنیان. بەناوبانگترین جۆرەکانی فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی بریتییە لە (MK) کە لوبنانییەکان پێی دەڵێن (دایکی تەواو) ماوەیەکە ئیسرائیل بە بەردەوامی ئەم جۆرە فڕۆکەیە بەکاردەهێنێت لەدژی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بە تایبەت گروپە چەکدارییەکانى ئێران لە سوریا. . ئەمەى خوارەوەى لیستی گرنگترین فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانى ئیسرائیلن:

سێرچەر- Searcher

فڕۆکەیەکی دروستکراوی ئیسرائیلییە و قەبارەى زۆر بچوکە، بەکاردەهێنرێت بۆ چاودێری و کۆکردنەوەى زانیاریی لەبارەى ئامانجەکان و چەک و شوێنە سەربازییەکان کۆدەکاتەوە و دواتر زیانەکانیش کە بەهۆی بۆردومانەکانەوە کەوتووەتەوە دیاریدەکات، لە نەوەکانى سەدەى ڕابردووەوە گەشەى پێدراوە و چەندین جۆری هەیە وەک سێرچی II، و MK-II و MK-III. درێژی فڕۆکەى بێفڕۆکەوانی سێرچ شەش مەتر دەبێت، بەرزییەکەى لە زەوییەوە یەک مەتر و 25 سانتیمەترە، کێشەکەى دەگاتە 500 کیلۆگرام و دەتوانێت بۆ ماوەى 18 کاتژمێری تەواو بفڕێت بە خێرایی 200 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا. سوپای ئیسرائیل لە ماڵپەڕەکەى دەڵێت، لە ساڵی 1992ەوە ئەم جۆرە فڕۆکەیە بەکاردەهێنێت و لە چەندین ئۆپراسیۆندا بەشداری کردووە بە تایبەت لە لوبنان. .

هێرمس - Hermes

قەبارەى ئەم فڕۆکەیە مامناوەندە و چەندین جۆری هەیە، ئەرکی سەرەکی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە کۆکردنەوەى زانیاریی و چاودێری و پەیوەندییەکانە، لە هەشتاکانى سەدەى ڕابردووەوە پەرەى پێدراوە. درێژییەکەى دەگاتە شەش مەتر و کێشەکەى 450 کیلۆگرامە، دەتوانێت بۆ ماوەى 20 کاتژمێر بە بەردەوامی بفڕێت و خێراییەکەى دەگاتە 176 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا. .

هیرۆن - Heron

https://www.youtube.com/watch?v=xABahAVm6bA یەکێکە لە باشترین فڕۆکە بێفرۆکەوانەکانى ئیسرائیل، هەناردەى چەندین وڵاتی دەکات و چەندین ئەرکی جیاوازی هەیە و دەتوانرێت پڕچەک بکرێت. نرخی هەر دانەیەکی دەگاتە 10 ملیۆن دۆلار، درێژییەکەى هەشت مەترە و کێشەکەى دەگاتە یەک تەن و 150 کیلۆگرام، دەتوانێت بە خێرایی 207 کیلۆمەتر بفڕێت. .

هاروپ - Harop

 
فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی خۆکوژییە، چەند میدیایەکی هەواڵی باس لەوە دەکەن کە بەکارهێنراوە لەدژی موشەکە سامەکانى سوریا لە ساڵی 2018دا. درێژی فڕۆکەکە دەگاتە دوو مەتر و نیو، دەتوانێت تا دوری هەزار کیلۆمەتر بفڕێت، فڕۆکەکە دەتوانێت شەش کاتژمێر بفڕێت و تەقەمەنی بە کێشی 23 کیلۆگرام هەڵبگرێت.