گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆبوونەوەى دووەمى سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بە دەرکردنى 6 خاڵ کۆتایهات

2019.08.27 - 11:00
کۆبوونەوەى دووەمى سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بە دەرکردنى 6 خاڵ کۆتایهات
  ناس کورد-   لەسەر بانگهێشتی سەرۆك كۆمار سێ سەرۆكایەتییەکەی عێراق لەگەڵ ژمارەیەك لە سەركردە سیاسییەكان كۆبوونەوە و باسیان لە تەقاندنەوەی کۆگای چەک و تەقەمەنییەکان بە دەستی دەرەکی کرد و هاوکات ئیدانەی هێرشکردنە سەر حەشدی شەعبیان کرد و بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن. . دوێنێ (دووشەممە) لە كۆشكی سەلام لە بەغدا بە ئامادەبوونی هەریەك لە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمارى عێراق، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانى عێراق، محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانى عێراق و بەشێک لە سەركردە سیاسییەكانی عێراق کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا. . بەگوێرەى ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار، لە میانی كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و ناوچەكە كرا، ھاوکات سەرۆك وەزیران، فەرماندەی هێزە چەكدارەكان ڕاپۆرتێكی سەبارەت بە تەقینەوەی كۆگاكانی چەک و تەقەمەنی ئەم دواییە پێشكەشی ئامادەبووان كرد. . هەر بەگوێرەى ڕاگەیەندراوەکە، لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، کە حكومەت بە دواداچوونی جددی بکات سەبارەت بە ئەگەری تێوەگلانی دەرەكی و كردنە ئامانجی كۆگاكانی چەک و تەقەمەنی، ھەروەھا سەركۆنەی ئەو دەستدرێژیانەیان کرد کە کرایە سەر لیوای 45ی حەشدی شەعبی لە قائم كە قوربانی و برینداری لێكەوتەوە،  کارەکەشیان بە سەرپێچیەكی ئاشكرا بۆ سەر سەروەری عێراق ناوبردووە. . لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هەموو ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە جەختیان لە پشتیوانی حكومەت کردووەتەوە لە گرتنەبەری گشت ڕێكارەكانی پاراستن و بەهێزكردنی تواناكانی بەرگری لە ڕێگای كەناڵە كاریگەرە ناوچەیی و نێودەوڵەتیییەکانەوە كە دەبێتە هۆی بەرپەرچدانەوەی ئەو دەستدرێژیانە و بەرگریكردن لە ئاسایش و سەروەی عێراق. . هاوکات بەشداربووانی كۆبوونەوەكە، دووپاتیان لە گرنگی پاراستنی یەكڕیزی نیشتمانی بە گشت هێزە سیاسی و پێكهاتەكانی عێراق كردەوە، لە پێناو ئاسایش و سەلامەتی و سەروەری عێراقدا، چونکە ڕەوشەکە زۆر ئاڵۆزە لە ناوچەكە و جیهاندا، بۆیە پێویستە هەمووان گرنگی ئەو مەترسییانە و ساتەوەختە مێژوییەکە دەرك پێ بكەن، كە پێویستی بەكاری پێکەوەی هەیە. . ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆمار ئاماژە بەوە دەکات، بۆ بەدیهێنانی ئەو مەبەستانەی لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لێوەکردووە، هەر سێ سەرۆکایەتییەکە و ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە لەسەر چەند خاڵێك ڕێککەوتن کە ئەمانەن: . 1- رێزگرتن لە مەرجەعیەتی دەوڵەت و پابەندبوون پێوەی لە گشت دۆخێكدا، لە چوارچێوەی دامەزاراوە دەستوورییەكاندا، هەروەها رەچاوكردنی یاساكان و هەر سەرپێچیەكیش بۆ سەر دەوڵەت و دامەزراوەكانی بە دەرچون لە بەرژەوەندی نیشتمانی و سەرپێچی لە یاسا دادەنرێت و رووبەڕووی یاساكانی عێراقی دەكرێتەوە. . 2- پابەندبوون بە بەڵگەنامەی (سیاسەتی نیشتمانی یەكگرتوو) كرایەوە كە لە كۆبوونەوەی سەركردە سیاسییەكاندا لە سەری رێكەوتبوون، ڕەتكردنەوەی بوونی عێراق بە گۆڕەپانی جەنگ و ڕێگانەدان بەوەی كە عێراق بكرێتە پێگەیەك بۆ لێدان و دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ. . 3-  پشتیوانی و بەرزنرخاندنی قارەمانیەتی هێزە چەكدارەكان بە گشت پێكهاتەكانییەوە و كاركردنی تەواوی دەزگاكانی ئاسایش و هەواڵگری بۆ قەڵا چۆکردنی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش، جەختکردنەوە لە بەردەوامی راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش تاوەکو ھیچ دەرفەتێک نەمێنێتەوە بۆ  دووبارە خۆ ڕێكخستنەوەیان  تا بە یەك جاری لە ناو دەبرێن. . 4-  رێزگرتن لە قوربانی و ڕۆڵی نیشتمانی حەشدی شەعبی کرایەوە، وەك بەشێكی كاریگەر لەسیستەمی بەرگری نیشتمانییدا، لە ژێر فەرمانی فەرماندەی هێزە چەكدارەكان، دووپاتیش لە گرنگی پابەندبون بەجێبەجێكردنی فەرمانی دیوانی و سەر پەرشتیكردنی كۆگاكانی چەک و تەقەمەنی لە چوارچێوەی دیاریكراوی دەوڵەتدا و بەپێی ڕێكارە دروستەکان و لەژێر سایەی سیستەمی بەرگری و بە فەرمانەكانی فەرماندەی گشتیدا. . 5-  گرتنەبەری هەموو ئەگەرێكی پێویست بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ حاڵەتە كتوپەڕەكان و بەرەنگاربوونەوەیان. . 6-  بەدواداچون بكرێت بۆ ڕێكکەوتنامەو لێكگەیشتنەكان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا بە جۆرێك كە یارمەتیدەر بێت بۆ پابەندبوونیان بە بەڵینەكانیانەوە سەبارەت بە سەروەری و سەربەخۆیی و ئاسایشی عێراقەوە. .