گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لەچوار ساڵی داهاتو سیستەمی بانگدانی ئەلیکترۆنی لەسەرتاسەری کوردستان جێبەجێدەکرێت

2019.08.26 - 19:43
لەچوار ساڵی داهاتو سیستەمی بانگدانی ئەلیکترۆنی لەسەرتاسەری کوردستان جێبەجێدەکرێت
ناس کورد – بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی، رایگەیاند "پلانیان هەیە لە چوار ساڵی داهاتودا لەسەرتاسەری کوردستان بۆ ڕێکخستنی کاتی بانگ سیستەمی بانگدانی ئەلکترۆنی جێبەجێ بکەن". . مەریوان نەقشبەندی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بە ناس کوردی راگەیاند "ماوەی چەند ڕۆژێکە لەلایەن میدیاکانەوە بەهەڵە هەواڵی بڕیارێکی وەزارەتی ئەوقاف دەربارەی دیاریکردنی شێوازی بانگدان و دیاریکردنی ئاستی دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەکان بڵاوبووەتەوە و چەندین لێکدانەوە و شرۆڤەی هەڵەی بۆ کراوە و باس لەوە کراوە کە وەزارەتی ئەقاف دەیەوێت ڕۆڵی مزگەوتەکان کەم بکاتەوە، بەڵام ئەو هەواڵانە سەرجەمیان ناڕاستن و مەبەستی دیاریکراویان لەپشتەوەیە". . نەقشبەندی ئاماژەی بەوە کرد، ماوەیەکی زۆرە گلەییەکی زۆر هەیە لەلایەن هاوڵاتیانەوە لەسەر خشەخش و دەنگی ناڕێک و ناخۆشی بڵندگۆ و بانگبێژی هەندێک لە مزگەوتەکان و داوایان کردبوو کە ئەوە چاک بکرێت، بۆیە ئەوانیش بەباشیان زانیوە کە یەکێک لەخاڵەکانی کارکردنی چوار ساڵی داهاتووی وەزارەتەکەیان ڕێکخستنەوەی شێوازى بانگدان بێت. . بەرپرسەکەى وەزارەتى ئەوقاف روونیدەکاتەوە، دوای پرسکردن بە لیژنەی فتوا و یەکێتی زانایان و شارەزایانی ئاینی بڕیاریان داوە کار بکەن بۆ ئەوەی لە هەر شارێکی کوردستان بانگێکی دیاریکراو و لە یەک کاتی دیاریکراودا بدرێت و بانگەکەش ئەلیکترۆنی بێت و بەسیستەمێکی ئۆتۆماتیکی بدرێت، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە. . جەختیى کردەوە، هێشتا دەمانەوێت لە ساڵانی داهاتودا ئەو سیستەمە جێبەجێ بکەین، ئەوەش بەتەواوەتی سیستەمی بانگدان ڕێکدەخاتەوە و هیچ کەس بێزار نابێت بەهۆی دەنگی بڵندگۆکانەوە. . مەریوان نەقشبەندى ئەو دەنگۆیانەشى رەتکردەوە کە وەزارەتى ئەوقاف بڕیارى دابێت بانگ تەنها بە بڵندگۆی ناوەوەی مزگەوتەکان بدرێت. . وتیشى "بانگ بە بڵدنگۆی دەرەکی دەدرێت و هەروەها وتارەکانی هەینی هەر بە بڵندگۆی دەرەکی دەبێت". . ئاماژەى بەوەش کرد، ڕێنماییەکە بۆ ئەو مزگەوت و هۆڵانەیە کە هەندێک مەراسیمی ئاینی تێدا بەڕێوەدەچێت وەکو مەولود و قورئانخوێندن وهەندێک بابەتی دیکە، ئەوانە دەبێت دەنگیان نەچێتە دەرەوە بۆ ئەوەی خەڵکی بێزار نەکەن. . لێدوانەکە لە کاتێکدایە پێشتر نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ڕایگەیاندبوو "ئاستی دەنگی بڵندگۆی مزگەوت و شوێنە ئاینییەکان بە سیستەم رێکخراوە و دیاریکراوە، گشتاندنی پێکراوە بۆ هەموو مزگەوتەکان، دەبێت پابەندبن پێوەی و نابێت ببنە هۆی بێزارکردنی هاونیشتمانیان و دەنگی بڵندگۆکان لەو ئاستە بەرزتر بێت، کە دیاریکراوە  هەروەها هەر هاونیشتمانییەک (بەرزی) دەنگی بڵندگۆی مزگەوتەکان بێزاری بکات، دەتوانێت ئاگادارمان بکاتەوە بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست بگرینەبەر". .