گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

 چووە دەرەوە بۆ جگەرەکێشان ئیدی نەهاتەوە

پەیامنێرێکى ئێران لە کاتى سەردانەکەى زەریف بۆ ئەوروپا خۆى ونکرد و داواى مافى پەنابەرێتى کرد

2019.08.26 - 15:39
پەیامنێرێکى ئێران لە کاتى سەردانەکەى زەریف بۆ ئەوروپا خۆى ونکرد و داواى مافى پەنابەرێتى کرد
ناس کورد- ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسی ئێرانی ئاماژە بەوە دەکەن، ئەو پەیامنێرەی کە یاوەری شاندەکەی وەزیری دەرەوەی ئێرانى کردبوو لە گەشتەکەی بۆ ئەوروپا، لە سوید ماوەتەوە و داوای مافی پەنابەرێتی کردووە. . ئیحسان بۆدۆگای، ڕۆژنامەنووسی ئێرانی، کە لە ڕۆژنامەی "ئێران"ی فەرمی کاردەکات، لە تویتێکدا، ئاماژەی بەوەکردوە "ئەمیر تەوحید فازیل"، کە وەک پەیامنێرێکی ڕۆژنامەوانی هاوەڵی شاندەکەی محەمەد جەواد زەریف، وەزیرى دەرەوەى ئێران بووە لە سەردانەکانیدا بۆ چەند وڵاتێکی ئەوروپی، هەفتەی ڕابردوو، لەسوید ماوەتەوە و داوای مافی پەنابەرێتی کردووە. . ئەو ڕۆژنامەنووسە جەختی لەوەکردوەتەوە، فازیل دوای کۆتایی سەردانەکەی زەریف بۆ سوید، لەو وڵاتە ماوەتەوە و یاوەری شاندەکەی وەزیری دەرەوەی ئێرانی نەکردوە بۆ وڵاتەکانی دیکە، دوای ئەوەش بە هیچ شێوەیەک نەبینراوە، ئەوەش بەڕوونی دەرکەوتووە لەکاتی سەردانەکەی  دوێنێ (یەکشەممە)ی، زەریف بۆ وڵاتی فەڕەنسا. . ئیحسان بۆدۆگای، روونیکردۆتەوە، کاتێک شاندەکەی زەریف لە وڵاتی سوید بووە، فازیل چووەتە دەرەوەی ئەو میوانخانەی کە شاندە ئێرانییەکەی تێدابوو بە مەبەستی جگەرەکێشان، بەڵام دواتر نەگەڕاوەتەوە، شاندەکەش بەبێ ئەو درێژەیان بە گەشتەکانیان داوە. . بۆچوونەکەی بۆدۆگای، هەمان بۆچوونی 24 ڕۆژنامەنووسی دیکەی ئێرانە، هەموویان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە فازیل، ئەو سەردانەی شاندە ئێرانییەکەی بۆ سوید بە هەلزانیوە و  قۆستویەتەوە بۆ خۆی و داوای مافی پەنابەرێتی لەو وڵاتە کردوە. .   بە گوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، فازیل هەمان ئەو ڕۆژنامەنووسەیە کە ماوەیەک لەمەو پێش لیستێکی بەناوی ئەو بەرپرسە ئێرانیانە بڵاوکردوە، کە دوو ڕەگەزنامەیان هەیە، کە ئەوەش بوو بەهۆی ئەوەی چەند لایەنێک لەناوخۆی ئێران ئەو پرسە وەک کارتێکی  فشار دژ بە  حەسەن ڕوحانی، سەرۆکی ئێران و زەریف، وەزیری دەرەوی ئێران بەکاربهێنن. .   لە تویتی چەند ڕۆژنامەنووسێکی ئێرانیش جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە، ئەو کارەی فازیل، کاردانەوەی خراپی دەبێت لەسەر وەزیری دەرەوەی ئێران، بە تایبەتی کە زەریف لە ئێستادا لەلایەن نەیارانییەوە بەوە تۆمەتبار دەکرێت لەگفتوگۆکاندا لەگەڵ ڕۆژئاوادا نەرمونیانی نواندوە. .