گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئۆغڵۆ لەبارەى لابردنى سه‌رۆك شاره‌وانییه‌ كورده‌كان چى دەڵێت؟

داود ئۆغڵۆ: ئه‌ردۆگان سیستمى دیموكراتى وێرانكردووه‌ و ڕێزیش له‌گه‌له‌كه‌ى خۆى ناگرێت

2019.08.25 - 17:50
داود ئۆغڵۆ: ئه‌ردۆگان سیستمى دیموكراتى وێرانكردووه‌ و ڕێزیش له‌گه‌له‌كه‌ى خۆى ناگرێت
  ناس کورد-     سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوى توركیا هێرشى توندى كرده‌ سه‌ر رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆمارى تورکیا و رایگەیاند "ئه‌ردۆگان سیستمى دیموكراتى وێرانكردووه‌ و رێزى گه‌له‌كه‌ى خۆى ناگرێت"، میدیاكانى توركیاش ئاشكرایان كرد هه‌نگاوه‌كانى دامه‌زراندنى حزبێكى نوێى ئۆپۆزسیۆن به‌سه‌رپه‌رشتى ئۆغڵۆ و هاوڕێكانى چڕتر بووه‌ته‌وه‌ و نزیكه‌ى 40 په‌رله‌مانتارى حزبه‌كه‌ى ئه‌ردۆگانیش پشتیوانى ده‌كه‌ن. .     له‌میانى پێشكه‌شكردنى وته‌یه‌كیدا له‌ ناوچه‌ى سكاریاى تورکیا، ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى حكومه‌تى توركیا و هاوڕێى دیرێنى ئه‌ردۆگان و نه‌یارى ئێستاى، له‌سه‌ر پرسى لابردنى سه‌رۆك شاره‌وانیه‌ كورده‌كان  و دانانى قه‌یومه‌كان له‌شوێنه‌كانیان ڕایگه‌یاند :"ئه‌گه‌ر هه‌ر وڵاتێك هه‌ڵبژاردنى كرد و خه‌ڵكه‌كه‌ى چوونه‌ سه‌ر سندوقه‌كانى هه‌ڵبژاردن ده‌بێت ڕێز له‌ئەنجامەکەى بگیرێت، ئه‌مه‌یه‌ ئیراده‌ و ویستى گه‌ل، ئه‌و رێزلێنانه‌ش ته‌نها بۆ سه‌رۆك شاره‌وانیه‌كان نییه‌ به‌ڵكو بۆ سه‌دان هه‌زار هاووڵاتى تورکیاشە كه ‌به‌ده‌نگه‌كانیان به‌شداریان كرد‌".   . ئۆغڵۆ روونیکردۆتەوە لابردنى سه‌رۆك شاره‌وانیه‌كان هیچ پاساوێك هه‌ڵناگرێت به‌پشتیوانیكردنى تیرۆریشه‌وه‌، ئه‌وه‌ش پاساوێكه‌ ئه‌ردۆگان و سیستمه‌كه‌ى بۆ زیندانیكردنى نه‌یاره‌كانیان بره‌وى پێ ده‌ده‌ن.  به‌ڵام نابێت به‌و پاساوه‌ پڕۆسه‌ى دیموكراتى كۆت و به‌ند بكرێت".   . هاوڕێ دێرینه‌كه‌ى ئه‌ردۆگان و نه‌یاره‌ سه‌رسه‌خته‌كه‌ى ئێستاى، ئاماژە بەوە دەکات‌ :"ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ پاڵپشتى تیرۆریان كردوه‌ دواى 31ى ئادارى ئه‌مساڵ كه‌ ده‌كاته‌ كاتى هه‌ڵبژاردنه‌كه، ده‌بوو دادگایى بكرێن و دواى ده‌ركردنیان له‌كاره‌كانیان ئینجا ئیدانه‌ بكرێن. به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و پرسه‌ ڕە‌وایه‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵگیراوه‌". . له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ش كه‌ ئه‌ردۆگان ده‌یداته‌ پاڵ ئۆغڵۆ و هاوڕێكانى و به‌خیانه‌تكار و دابه‌شكارى گه‌لى تورك وه‌سفیان ده‌كات، سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشوى توركیا ئاماژە بەوە دەکات:" ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ى توركیا جیهانیه‌ ئه‌وا 81 ملیۆن تورك به‌شێكن لێى و كه‌س خۆى به‌ده‌رناگرێت له‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌، خۆ ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش ناتوانێت بڵێت ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ كراوه‌ته‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى قۆرخكراوى حیزبى ئه‌وا ئێمه‌ له‌و كه‌سانه‌ نین نه‌توانین ئه‌وه‌ بڵێین". .   ئۆغڵۆ جەختى کردووەتەوە :"پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانم له‌ڕێگه‌ى سندوقه‌كانى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ وه‌رگرتوه‌ و كه‌سیش ناتوانێت تۆمه‌تى خیانه‌تكارم بداته‌ پاڵ و ئه‌وانه‌ى پێش منیش خیانه‌تكار نه‌بوون و پاش منیش هیوام وایه‌ كه‌سیان خیانه‌تكار نه‌بن". . ڕە‌خنه‌كانى ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵۆ له‌كاتێكدایه، ئه‌وه‌ یه‌كه‌مینجاره‌ به‌شێوازێكى توند له‌دواى دورخستنه‌وه‌ى سه‌رۆك شاره‌وانیه ‌كورده‌كان ڕە‌خنه‌كانى به‌ڕاسته‌وخۆ ئاڕاسته‌ى ئه‌ردۆگان بكات گه‌رچى پێشتر ڕە‌خنه‌ى له‌حكومه‌ت و حزبه‌كه‌ى ئه‌ردۆگان گرتووه‌ به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر پێشێلكردنى بارودۆخى مافه‌كانى مرۆڤ و پرسى دیموكراتى له‌و وڵاته‌دا.   . له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ به‌گوێره‌ى میدیا ناوخۆییه‌كانى توركیا‌، دواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى عه‌لى باباجان له‌وه‌زاره‌تى دارایى و حزبه‌كه‌ى ئه‌رۆدگان هه‌ریه‌كه‌ له‌باباجان و ئۆغڵۆ و عه‌بدوڵا گویلى سه‌رۆك كۆمارى پێشوو هه‌نگاوه‌كانیان بۆ دامه‌زراندنى حزبێكى نوێ چڕكردووه‌ته‌وه‌ و به‌نیازن به‌منزیكانه‌ش داواى مۆڵه‌تى یاسایى بكه‌ن. . هه‌ر به‌گوێره‌ى زانیارى میدیاكانى توركیا، نزیكه‌ى چل په‌رله‌مانتارى داد و گه‌شه‌پێدانى حزبه‌كه‌ى ئه‌ردۆگان و له‌گه‌ڵ چوار وه‌زیرى پێشوو له‌سه‌ر پشكى ئه‌و حزبه‌ ده‌یانه‌وێت پشتیوانى حزبه‌ نوێیه‌كه‌ى سێ هاوڕێ دێرینه‌كه‌ى ئه‌ردۆگان بكه‌ن كه‌ ئێستا به‌نه‌یار و ئۆپۆزسیۆنێكى سه‌رسه‌ختى ئه‌ردۆگان ده‌ناسرێن. .