گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکانى ئامەد پێى نایە پێنجەمین رۆژەوە

2019.08.23 - 22:58
ناڕەزایەتی وخۆپیشاندانەکانى ئامەد پێى نایە پێنجەمین رۆژەوە
ناس کورد – لە پێنجەمین ڕۆژى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانى شارى ئامەددا، هاووڵاتیان و پەرلەمانتارانی هەدەپە لەدژی لابردی سەرۆک شارەوانییەکان گردبوونەوە و گرژى و ئاڵۆزى لێکەوتەوە. . ئەمڕۆ  (هەینی، 23ی ئابی 2019)  بۆ پێنجەمین ڕۆژ لەدوای دانانى قەیوم لە شارەوانییەکانی ئامەد، مێردین و وان، لەلایەن دەسەڵاتدارانى تورکیاوە، لایەنگران و ئەندامان و ئەندام پەرلەمانانی هەدەپە، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و گردبوونەوە. . پەرلەمانتارانی هەدەپە لەگەڵ هاووڵاتیان  لە بەردەم شارەوانی ئامەد کۆبوونەوە و هێزێکی زۆری پۆلیسیش لەچوار دەوری خۆپیشاندەران کۆبوونەوە و ڕێگەیان نەدا ژمارەیەک لە پەرلەمانتارى ئەو پارتە بەشدارى لە گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکەدا بکەن. . سەرەڕای ئەوەی باڵەخانەى شارەوانی ئامەد و دەوروبەری لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە گەمارۆ درا بوو، بەڵام هاووڵاتیان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیان ڕوویان لەو شوێنە کرد و ژمارەیان لە بەردەم شارەوانی ئامەد تا دەهات زیاتر دەبوو. . بەگوێرەى ئامارە نافەرمییەکانیش لە ماوەی دوو ڕۆژی رابردوودا نزیکەی 650 هاوڵاتی کورد و لایەنگری هەدەپە لە باکوری کوردستان دەستگیر کراوون. . ڕۆژی (دووشەممە، 19ی ئابی 2019)، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا باڵەخانەی شارەوانییەکانی ئامەد، وان و مێردینیان گه‌مارۆدا، عەدنان سەلجوق مزراکلی هاوسەرۆکی گەورە شارەوانی ئامەد، بەدیعە ئۆزگۆکچەئەرتان، هاوسەرۆکی گەورە شارەوانی وان و ئەحمەد تورک هاوسەرۆکی گەورە شارەوانی مێردین کە سەر بە هەدەپەن، لە کارەکانیان دوورخرانەوە و قەیومی خۆسەپێنی سەر بە پارتی دەسەڵاتدارى تورکیا لەجیگەیان داندران، لەو ڕۆژەشەوە خۆپیشاندانی فراوان لەو سێ‌ شارەی باکوری کوردستان بەردەوامە. .