گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حەشد ئەمریکا بە بەرپرسیار دەزانێت لە تەقینەوەى کۆگاکانى چەک.. وەڵاممان دەبێت

2019.08.21 - 17:36
حەشد ئەمریکا بە بەرپرسیار دەزانێت لە تەقینەوەى کۆگاکانى چەک..  وەڵاممان دەبێت
ناس کورد- جێگرى سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، ئەوەى ڕوودەدات لە بەئامانجگرتنی بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی بەهۆی ئاسانکاری سوپای ئەمریکاوەیە لە بواری ئاسمانی عێراق کە مۆڵەت دەدات بە فڕینی فرۆکەکەکان. لەدوای بە ئامانجگرتنی بارەگا و کۆگایەکی حەشدی شەعبی لە نزیک بنکەى سەربازی بەلەد، مەهدی موهەندیس، جێگرى سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی دەڵێت، "دوژمنانی عێراق بە چەند ڕێگایەکی جیاواز پیلانیان داڕشتووە بۆ بەئامانگرتنی هێزەکانى حەشدی شەعبی، ئەمریکا دەیەوێت بە شێوازی جۆراوجۆر سەروەری ئاسمانی عێراقی بەکاربهێنێت بۆ پێکانی حەشد." . دەشڵێت، "کارەکانى ئەمریکا بۆ بەئامانجگرتنی حەشد ڕۆژێک بە سزادانی کەسایەتییە جیهادی و نیشتمانییەکانە و دەیانخاتە لیستى تیرۆری خۆی و ڕۆژێکیش بە پێکانی بنکە و بارەگاکانی حەشد لە ناوچە جیاوازەکان."

 ئاماژەى بەوەشکردووە، "کارەکانیان لەڕێگەى بەکرێگیراوەکانیان یان لەڕێگەى فڕۆکەى پێشکەوتووەوە ئەنجام دەدەن."

.

"ئازرباینجان و بۆردومانی بارەگاکانی حەشد" 

مەهدی موهەندیس دەڵێت، "زانیاریی ورد و پشتڕاستکراوەمان هەیە کە ئەمریکییەکان لە ئەمساڵدا چوار فرۆکەى بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلییان لەڕێگەى ئازرباینجانەوە گواستووەتەوە بۆ بۆردمانکردن لە عێراق، زانیاریشمان لەبارەى نەخشە و تۆمار و جۆرەکانى فڕۆکەکان هەیە کە کەى هەڵفڕیون و چەندیان پێچووە."

.

"حەشد هەڕەشە دەکات"

ئاماژەى بەوەشکردووە، "لەکاتێکدا ئێمە ئەم زانیارییانە و پیلانی داهاتووش ئاشکرادەکەین لە کوشتن کەسایەتییە جیهادی و پشتگیریکارەکان لە حەشدی شەعبی، ڕاشیدەگەیەنین کە ئەمریکا بەرپرسی یەکەم و کۆتایە لەوەى ڕوودەدات، بۆیە هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە جگە لە بەرگرییکردن لە خۆمان بەو چەکەى لەبەردەستماندایە یان چەکی زیاتر پێشکەوتوو."

"بۆیە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانمان ئاگادارکردووەتەوە کە هەر فڕۆکەیەک بەبێ مۆڵەتی حکومەتی عێراقی بەسەر بارەگاکانمان بفڕێت وەک دوژمن تەماشای دەکەین و بەپێی مەنتیق مامەڵەی لەگەڵ دەکەین و هەموو هۆکارێک بەکاردەهێنین بۆ بەرپەچدانەوەی."