گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناوەکانیان رادەستى داواکارى گشتى کراوە

ناسنامەی ئەو کەسانەى کە ڤیدیۆکەیان لەسەر شوتی پێنجوێن تۆمارکردبوو ئاشکراکرا

2019.08.20 - 09:54
ناسنامەی ئەو کەسانەى کە ڤیدیۆکەیان لەسەر شوتی پێنجوێن تۆمارکردبوو ئاشکراکرا
ناس کورد- شەهرام عەزیز   قایمقامی پێنجوێن ڕایگەیاند، ناسنامەی ئەو کەسانەی گرتە ڤیدیۆییەکەیان لەسەر شوتی پێنجوێن تۆمارکرد و بڵاوکردەوە ئاشکراکراوە و ڕادەستی جێگرایەتی داواکاری گشتی کراوە.   . زانا ڕەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن بە ناس کوردی ڕاگەیاند:"ناسنامەی ئەو کەسانەی کە لە هەفتەی ڕابردوودا گرتە ڤیدیۆییەکەیان لەسەر شوتی پێنجوێن تۆمارکرد و بڵاویانکردەوە ئاشکراکراوە و لەئێستادا دەزانین کێن و ناوەکانیانمان لایە". . وتیشی، ناوی ئەو کەسانە و دۆسییەکەیان ڕادەستی جێگرایەتی داواکاری گشتی کراوە و لەئێستادا ئەوان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە کەیسەکە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەش. . هاوکات سامان کەریم، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پێنجوێن بۆ ناس کوردی روونکردەوەن ڤیدیۆکە لە چەند ڕۆژی سەرەتادا کاریگەری هەبووە لەسەر فرۆشى شوتى پێنجوێن، چونکە خەڵک ترسابوو. . بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پێنجوێن وتیشى "لەدوای ڕوونکردنەوەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئێمەش لەسەر بابەتەکە، ئێستا فڕۆشتنی شوتی ئاسایی بووەتەوە و هاوردەی ناوچەکانی خوارووی عێراقیش دەکرێت". . جەختیشیکردەوە، بەهەموو شێوەیەک ئەو دەرمانانە ڕێگەپێدراون و کارەکەش تەنها بۆ شکاندنی شوتی پێنجوێن بووە. . چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە لەلایەن چەند کەسێکەوە تۆمارکرابوو، تیایدا باس لە چەند جۆرێک دەرمان کرا کە بەوتەى ئەو کەسانە ئەو دەرمانانە قەدەغەکراوون و مەترسیان بۆ سەر تەندروستی هەیە، ئەوەش کاردانەوەی فراوانی لەناو خەڵکدا دروستکرد. .